لەبارەی خەڵاتی باڵۆن دۆر ریال مەدرید ئێمباپێ شۆک دەکات

زێدانیش ئامادە نەبوو پشتگیری لە ئێمباپێ بکات

کیلیان ئێمباپێ و فلۆڕێنتینۆ پێرێز
کیلیان ئێمباپێ و فلۆڕێنتینۆ پێرێز

خافێر تۆرێنتی ڕۆژنامەنووسی ئیسپانی بابەتێکی ئاشکرا کرد و وەکو بۆمبێک لە میدیایەکانی جیهان تەقییەوە، بابەتەکە پەیوەندی بە خەڵاتی باڵۆن دۆر و کیلیان ئێمباپێ هەیە.
  لەبارەی هەڵوێستی ڕیاڵ مەدرید سەبارەت بە بەربژێرکرانی کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی فەرەنسی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی زێڕین، رۆژنامەنووسێکی ئیسپانیا ئاشکرای کردووە ریال مەدرید داواکارییەکی کیلیان ئێمباپێی رەتکردووەتەوە لەبارەی دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فەرمی بۆ پشتگیریکردن لەو یاریزانە.
خافێر تۆرێنتی لە پرۆگرامێکی رادیۆی مارکا ڕایگەیاند هەفتەیەک پێش یاریی دێربی بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید ئێمباپێ داوای لە ئیدارەی ڕیال مەدرید کردووە هەڵمەتێک دەستپێبکەن بۆ پشتگیریکردن و کۆکردنەوەی دەنگی رۆژنامەنووسانی وڵاتان بۆ یاریزانە فەرەنسییەکە، بەڵام یانەکە داواکارییەکەی ڕەتکردەوە.
ڕۆژنامەنووسە ئیسپانییەکە ڕوونیکردەوە: ئێمباپێ یاریزانێکە تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوە؛ گرنگی بە هیچ شتێکی تر نادات، ئەوەی بیستوومە لە هەفتەی دێربی بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ داوای لە یانەکە کردووە هەوڵەکانی خۆی بخاتەگەڕ و هەڵمەتێک دەستپێبکات بۆ پشتگیریکردنی لە کێبڕکێی خەڵاتی تۆپی زێڕینم بەڵام یانەکە رایگەیاندووە ئەو بابەتە بۆ ئەوان گرینگ نییە و داواشی لە ئێمباپێ کردووە زیاتر بیر لە پێشخستنی ئاستی بکاتەوە و سەرنجی لەسەر یانەکە بێت نەک باڵۆن دۆر.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە ئێمباپێ هەمان داوای لە زەینەدین زیدانی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنساش کردووە، بەڵام زیزۆ بە هۆکاری ئەوەی عوسمان دێمبێلێ لەنێو ریزی بەربژێرەکانە ئامادە نەبووە بچێتە نێو هەڵمەتی بانگەشە بۆ دەنگدان بە کیلیان ئێمباپێ.
کیلیان ئێمباپێ وەرزێکی ناوازەی لەگەڵ ریال مەدرید و هەڵبژاردەی فەرەنسا تێپەڕ کرد و لە لالیگا 25 گۆڵی کرد و بووە گۆڵکاری خولەکە، لە لایەکی دیکەشەوە بە تۆمار کردنی 15 گۆڵ بووە گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ، لەگەڵ فەرەنساش بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ بووە گۆڵکاری مۆندیالی 2026، بەڵام ئێمباپێ تاکە بەربژێری ریال مەدرید نییە لە نێو لیستی بەربژێران بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر، ناوی ڤینسیۆس جۆنیۆر، جوود بێلێنگهام و مارک کۆکۆرییاشی تێدایە، بەمەش یانەکە لە نێو بەربژێرانی کێبڕکێی باڵۆن دۆر چوار یاریزانی هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیایەکان خەڵاتی باڵۆن دۆر لە نێوان کیلیان ئێمباپێ، لامین یامال و عوسمان دێمبێلێ یەکلایی دەبێتەوە، هاری کەین و ئێرلینگ هالاندیش لەنێو ململانێی خەڵاتەکەن.