شارەوانیی سلێمانی بۆ کوردستان24: تیمەکانمان 24 کاتژمێر لە ئەرکدا دەبن

ئەنجوومەن حسێن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا و هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز، سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە و  تیمەکانیان بە شێوەی 24 کاتژمێری بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو لە ئەرکدا دەبن.

دووشەممە، 5ی ئۆکتۆبەری 2026، ئەنجوومەن حسێن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، بۆ حاڵەتی لەناکاو هیچ بودجەیەکی تایبەتیان نییە، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێک، تیمەکانی بەشی ئامێرەکانی شارەوانی لەگەڵ بەشی خزمەتگوزاری و ئاوەڕۆ بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئەرکدا دەبن و لە کاتی دروستبوونی هەر گرفتێک بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، بەدەنگ هاووڵاتییانەوە دەچن.

گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی باسی لەوەش کرد، لە کاتی بارانباریندا هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ بەرگریی شارستانی، پۆلیسی فریاکەوتن و کەشناسیی سلێمانی هەیە. راشیگەیاند، لە مانگی 9ی ئەمساڵەوە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو، سەرجەم سەرەمەنهۆڵەکانیان لە شەقامە گشتییەکان و کۆڵانەکانی شاری سلێمانی پاک کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بەپشت بەستن بە راپۆرتەکانی کەشناسی رایگەیاند، سەرجەم تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانیان بە هاوکاریی بۆردی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و کۆمپانیاکان، هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی مەنهۆل، ئاوەڕۆ و کەناڵەکانی رێڕەوی ئاویان لە شەقام و کۆڵانەکاندا ئەنجامداوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو.

شارەوانیی سلێمانی داواش لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێنماینامەکانی پاراستن بن و لە کاتی دروستبوونی لافاو یان پێویستبوون بە یارمەتیی بەپەلە، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتنی (JCC) بە ژمارە 100 بکەن.