باشاک دەمیرتاش: ئەمە دوا پێشانگەیە بەبێ سەڵاحەدین بەڕێوە بچێت
لە کاتی بەڕێوەچوونی 10ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە (دیاربەکر)، باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، کتێبەکانی هاوسەرەکەی بۆ سەدان خوێنەر واژۆ کرد و رایگەیاند "ئەمە دوا پێشانگەی واژۆکردنی کتێب دەبێت کە بەبێ ئەو بەڕێوە بچێت."
لە دواین رۆژی 10ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب، کە لە ناوەندی نێودەوڵەتیی پێشانگە و کۆنگرەکانی میزۆپۆتامیا لە دیاربەکر بەڕێوە چوو، رێوڕەسمی واژۆکردنی کتێبەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەلایەن هاوسەرەکەیەوە رووبەڕووی پێشوازییەکی بەرچاوی خوێنەران و هاووڵاتییان بووەوە.
لە کاتژمێرەکانی بەیانییەوە خوێنەران لە بەردەم ستاندەکەدا ریزیان بەستبوو، کاتی گەیشتنی باشاک دەمیرتاشیش بۆ ناو پێشانگەکە، بە چەپڵەڕێزان و دروشمەوە پێشوازیی لێ کرا.
باشاک دەمیرتاش لە گوتەیەکدا بۆ ئامادەبووان گوتی "حەزم دەکرد ئەمڕۆ سەڵاحەدین خۆی لەگەڵ ئێوە و ئاشقانی و خوێنەرانیدا بووایە و لێرە ئامادە بووایە، بەڵام بەو ئومێدەین لە نزیکترین کاتدا بگەڕێتەوە نێومان. ئەمە دەبێتە دوا رۆژی واژۆکردن کە بەبێ ئەو تێدەپەڕێت، سەڵاحەدین سڵاوی زۆری بۆ ئێوە ناردووە؛ بەڵێ، ئەو جەستەیی لێرە نییە، بەڵام کتێبەکانی، خۆشەویستانی، بیرکردنەوە و دەنگی لێرەن."
هاوسەری دەمیرتاش باسی لە قۆناخی زیندانیکردنی ناوبراو کرد و ئاماژەی بەوە دا، دەمیرتاش لە ماوەی دە ساڵی دەستبەسەرکردنی نارەوایدا دەستەوەستان دانەنیشتووە و بەردەوام بەرهەمی هەبووە و نووسیویەتی، لە رێگەی کتێبەکانیشەوە دەنگ و هزرەکانی خۆی پێ گەیاندوون.
لە کۆتایی قسەکانیدا باشاک دەمیرتاش جەختی لە پرسی ئاشتی کردەوە و گوتی "گەورەترین خواستی سەڵاحەدین هەمیشە ئاشتی بووە؛ چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوەش زۆری بۆ ئاشتی تێکۆشاوە. هیوادارم گەلانی تورکیا بە ئاشتییەکی سەربەرزانە و هەمیشەیی شاد ببن، کاتێکیش ئەو رۆژە هات، سەڵاحەدین لە نێوماندا دەبێت و بە دەستی خۆی کتێبەکانی واژۆ دەکات، وەک چۆن ئەمڕۆ ئامادەین، ئەو رۆژەش هەموومان پێکەوە لە تەنیشتی دەبین."

