خێرخوازترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێی
زۆرن ئەو یاریزانانەی بەردەوام هاوکاری خەڵکی و هەژار و لێقەوماو دەکەن و بەشێکی زۆریان لە رێگەی رێکخراوی تایبەت بە خۆیانەوە، ساڵانە ملیۆنان دۆلار وەکو هاوکاری پێشکەش بە خەڵکی لێقەوماو دەکەن و هەندێک یاریزانیش بە هاوکاری کەسانی دیکە ئەو پرۆژەیە گەورەیە بەڕێوەدەبەن. رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی لە راپۆرتێکدا باس لە دیارترین ئەو یاریزانە خێرخوازانە دەکات کە بودجەیەکی تایبەتی خۆیان بۆ ئەم کارە پیرۆزە تەرخان کردووە.
1- سادیۆ مانێ
هێرشبەرە سەنیگالییەکەی پێشووی یانەی لیڤەرپوول و بایرن میونشن و ئێستای یانەی نەسڕ، لە تەمەنی 15ساڵیدا گوندەکەی بەجێهێشت بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ. مانێ بەشێکی زۆری سامانەکەی تەرخان کردووە بۆ یارمەتیدانی وڵاتەکەی بۆ گەشەکردن، بە تایبەتی سەرنجی لەسەر شارەکەی خۆی لە بامبالی داناوە و بە دروستکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و هەروەها کۆمەڵێک پرۆژەی جیاواز. مانێ مانگانە مووچەیەک پێشکەش بە هەموو خێزانێکی گەڕەکی منداڵی خۆی دەکات، شانبەشانی کارە خێرخوازییەکانی دیکە لە سەرانسەری کیشوەری ئەفریقا.
2- دیدیێ درۆگبا
هێرشبەرەکەی پێشووی یانەی چێڵسی کە خەڵکی کۆتدیڤوارە، یەکێکە لەو کەسانەی کە بەهۆی یارمەتیدانی بۆ وەستاندنی جەنگێکی نێوخۆیی دژوار ناوی چووەتە ناو کتێبی مێژوو. لە 25ـی کانوونی دووەمی 1999، کودەتایەک لە کۆتدیڤوار ئایمی هێنری کۆنان بادی، سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە. لەو کاتەوە وڵات کەوتۆتە ناو چەقبەستوویی ئابوورییەوە و پێکدادانی چەکداری نەتەوەیی لە شەقامەکاندا سەریهەڵداوە. درۆگبا لە سەروبەندی ئەو دۆخە نەخوازراوە کە وڵاتەکەی تێکەوتبوو لە یەکێک لە یارییەکانی هەڵبژاردەکەی داوای لە هەموو گروپەکان و هێزە نایاساییەکان کرد چەک دابنێن و پاشان لە ساڵی 2007 لە یاری نێوان هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر ماداگاسکار، سەرکردەکانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی کۆکردەوە بۆ ئەوەی سروودی نیشتمانی بڵێنەوە، ئەمەش هیوایەک بوو کە وای لێکردن دانوستان بکەن و دوای چەند هەفتەیەک ئاگربەست واژۆ بکەن. درۆگبا ساڵانە لە وڵاتەکەی و لە کیشوەری ئەفریقیا کاری خێرخوازی دەکات و خزمەتێکی زۆر بە کەسانی لێقەوماو و هەژار دەکات.
3- فرێدریک کانوتێ
هێرشبەرەکەی پێشووی هەڵبژاردەی مالی و یاریزانی پێشووی یانەی سێڤییای ئیسپانیا و دامەزراوەی کانۆتێ بۆ کاری خێرخوازی دامەزراندووە و لە ڕێگەیەوە "شاری منداڵان" لە نزیک باماکۆی پایتەختی مالی دروست کردووە کە سەنتەرێکی گەورەیە یارمەتی منداڵانی بێ سەرپەرشت دەدات. کانۆتێ ساڵانە لەلایەن رێکخراوی یونیسێف ئیسپانیا یاری خێرخوازی "پاڵەوانانی ئەفریقا" بەڕێوەدەباتد بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی دۆخی نائومێدی ملیۆنان منداڵ لە کیشوەری ئەفریقا.
فرێدریک کانوتێ
4- خوان ماتا
یاریزانی ئیسپانیی پێشووی یانەکانی مانچێستەر یونایتد و ڤالێنسیا و ئێستای یانەی مێلبۆرن ڤیکتۆری ئوستڕالی، لە مانگی ئابی 2017 لەگەڵ یۆرگن گریسبێک " رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی " دامەزراند. ئامانجی ڕێکخراوەکە ئەوەیە یاریزانە پلە باڵاکانی تۆپی پێ 1%ـی مووچەکانیان ببەخشن بە پرۆژە خێرخوازییەکان. لە ئێستادا ڕێکخراوەکە لەگەڵ زیاتر لە 125ڕێکخراوی خێرخوازی لە زیاتر لە 80 وڵاتی جیهان کاردەکات و یارمەتی زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵ دەدات. کەسایەتییە تۆپی پێیەکانی وەک ماتس هومێڵز، یۆرگن کلۆپ، ئەلێکس مۆرگان، مێگان ڕاپینۆ و جۆرجیۆ کیلینی پەیوەندییان بەو دەستپێشخەرییە کردووە.
5- مەسوت ئۆزیل
یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئهڵمانیا کە بە بهرهچهڵهک تورکە، یەکێکە لەو کەسایەتییە هێمنانەی سەرەڕای داهاتە زۆرەکەی، خۆی لە دەرخستن و خۆپشاندانی سامانەکەی دەپارێزێت. ئەو یارمەتیدانی هەژارترین و بێبەشترین کەسەکان بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێت.
دکتۆر ئەرکوت سۆگوت، بەڕێوەبەری کارەکانی ئۆزیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بەریتانی The Sun، هەندێک لە کارە خێرخوازییەکانی ئاشکرا دەکات کە ئۆزیل لە سەردەمی یاریکردنیدا ئەنجامی داون. ئەم کارانە بریتی بوون لە دابینکردنی تێچووی نەشتەرگەری بۆ منداڵانی پێویست، دابینکردنی خۆراک بۆ پەنابەران لە تورکیا و سوریا لە ڕێگەی مانگی سوورەوە، هاوکاری لێقەوماوانی کارەساتە گەورەکان وەک بوومەلەرزەکەی ساڵی 2023 تورکیا، دروستکردنی ئەکادیمیایەکی تۆپی پێ لە دێورەک لە تورکیا (زادگەی دایک و باوکی)، وە هاوکاری نزیک لەگەڵ ڕێکخراوی خێرخوازی منداڵانی "Rays of Sunshine".
6- ساموئێل ئیتۆ
هێرشبەری پێشووی کامیرۆنی یانەکانی بارسێلۆنا، مایۆرکا و ئینتەر میلان، هەتیوخانەیەکی بە ناوی '' دەزگای خێرخوازی ئیتۆ '' دامەزراندووە، کە کار دەکات بۆ باشترکردنی پەروەردە، چاودێری تەندروستی و هاوکارییەکانی گەشەپێدان بۆ منداڵان لە کامیرۆن و تەواوی ئەفریقا. هەروەها تێچووی پڕۆژەکانی ڕێگەسازی لە سەرانسەری کیشوەری ئەفریقادا دابین کردووە. لە نێوان دەستپێشخەرییە زۆرەکانیدا، پشتیوانی لە نەخۆشخانە جیاوازەکان کردووە، وەک دروستکردنی بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی "لاکینتینی" لە دوالای کامیرۆن. هاوکارییە داراییەکانیشی بۆ چەندین ڕێکخراوی خێرخوازی بە مەبەستی یارمەتیدانی خێزانە هەژارەکان ناسراون.
7- لیۆنێل مێسی
هێرشبەری ئەرجەنتینی پێشووی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان و یاریزانی ئێستای ئینتەر میامی، دەزگای لێۆ میسی (Leo Messi Foundation)ی دامەزراندووە بۆ هاوکاریکردنی منداڵان و مێردمنداڵانی لەپەراوێزخراو یان بێبەشکراو لە کۆمەڵگە لە ڕێگەی پلان و بەرنامەی جۆراوجۆرەوە. یەکێک لە پڕۆژە گەورەکانی کە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەیەوە ئەنجامی داوە، پڕۆژەیەکە بە هاوکاری لەگەڵ نەخۆشخانەی "سەنت خوان دێ دێو" (Sant Joan de Déu) لە بارسێلۆنا بۆ تێکۆشان دژی شێرپەنجەی منداڵانە. ئەو یەکێک بوو لە بەخشەرە دامەزرێنەرەکانی ناوەندی شێرپەنجەی منداڵانی "SJD" لە بارسێلۆنا، کە یەکەم ناوەندی تایبەتمەندی شێرپەنجەی منداڵان بوو لە ئیسپانیا و لە حوزەیرانی 2022 کرایەوە. ئەم ناوەندە بووەتە یەکێک لە پێشکەوتووترین ناوەندەکانی جیهان بۆ چارهسهركردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە. سەرەڕای ئەمانەش ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە ڕاستەوخۆ بەشدارە چ لە ڕووی کەسی و چ لە ڕووی داراییەوە، لە بەهێزکردنی کەمپینەکانی هاوپشتی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و دەزگاکانی تر بۆ ئەنجامدانی دەستپێشخەری جۆراوجۆر لە پێناو هاوکاریکردنی هەژارترین و پێویستترین کەسەکاندا.
8- کریستیانۆ رۆناڵدۆ
ئەم هێرشبەرە پورتوگالییە یاریزانی پێشووی ڕیاڵ مەدرید و مانچێستەر یونایتد و یاریزانی ئێستای یانەی نەسڕی سعوودی، مێژوویەکی دوورودرێژی لە کارە خێرخوازییەکاندا هەیە. ئەو ساڵانێکە لەگەڵ ڕێکخراوە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوکاری دەکات، یارمەتی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشییە دەگمەنەکانی داوە، تێچووی چاودێری تەندروستی 370 قوربانیی ئەو ئاگرکەوتنانەی دابین کردووە کە لە حوزەیرانی ساڵی 2017 ناوەڕاست و باکووری پورتوگالیان وێران کرد، و هەروەها هاوکاری دارایی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی مادێرا کردووە، جگە لە چەندین هاوکاری دارایی تر بۆ گرووپە جیاوازەکان. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی dosomething.org و ماڵپەڕی Athlete Gone Good، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سەرووی لیستی خێرخوازترین وەرزشوانانی جیهان لە ساڵی 2015 بوو.