هاوڕێیەکی مێسی ئێستا پیاز و پەتاتە فرۆشە
تۆپی پێی پڕییەتی لە چیرۆکی تاڵی ئەو بەهرەمەندانەی رۆژانێک لە لوتکە نزیکبوون، بەڵام بە شێوەیەکی لەناکاو چارەنوسیان بەرە رێگایەکی تاریکدا رۆیشت. بەسەرهاتی گۆنزالۆ ئۆلید ئاپازا ئەوەندە تاڵە کە بەڕاستی ناکرێت وێنەی بۆ بدۆزرێتەوە. یاریزانێک کە ڕۆژگارێک لە یاریگاکان شان بە شانی لیۆنێل میسی و دیێگۆ مارادۆنا یاریی دەکرد و هاوژووری ئیملیانۆ مارتینێز بوو، بەر لەوەی ببێتە ئەستێرە و بگاتە سەروەت و سامان، ئەو یاریزانە ماڵئاوایی لە تۆپی پێی پیشەگەرانە کرد و وەلای نا، ئێستاش بژێوی ژیانی لە ڕێگەی دابەشکردنی بوتڵی گاز، فرۆشتنی پەتاتە و پیازەوە دابین دەکات.
گۆنزالۆ لە تەمەنی 12 ساڵی پەیوەندی بە ئەکادیمیای بەناوبانگی ڕیڤەر پلێت کرد. ئەو یاریزانە لە تیمی خەونەکانی لەدایکبووانی 1192ـی ئەم یانەیە لە پاڵ ئیریک لامێلا، لیاندرۆ گۆنزالێس پیرێز و ڕۆدریگۆ ڕی یاریی دەکرد، نەوەیەکی زێڕین کە چەندان ناسناویان لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەیان بەدەستهێناوە.
لووتکەی سەردەمی وەرزشیی گۆنزالۆ پێش جامی جیهانیی لاوان بوو لە نیجیریا. هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین لە یارییەکدا بانگهێشتی هەڵبژاردەی گەورەساڵانی ئەرجەنتین کران تا ڕۆڵی ڕاهێنەری و ڕاهێنانی بەرامبەر بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بپێوێنن کە ئەو کاتە دیێگۆ مارادۆنا راهێنەری تانگۆ بوو.
گۆنزالۆ دەربارەی ئەو ڕۆژانەی کە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کرا دەڵێت '' چوارشەممەکان لەگەڵ تیپی گەورەساڵان یارییمان دەکرد، دیێگۆ مارادۆنا خۆی ناوبژیوانی دەکرد و ئێمەش بەرامبەر میسی و سەرجەم ئەستێرە گەورەکاندا یاریمان دەکرد. هەموو شتێک وەک خەون و خەیاڵ بوو، حەزم دەکرد لە ناوەڕاستی ڕاهێنانەکاندا ڕابکەم و باوەش بە مارادۆنادا بکەم، میسی بە نیوەی توانای خۆیەوە یاریی دەکرد، بەڵام بە جۆرێک دەردەکەوت کە سەد لە سەدی توانای خۆی بەکار هێناوە ''
بەڵام دەرگاکانی تیپی یەکەمی ڕیڤەر پلەیت هیچ کاتێک بە ڕووی ئەودا نەکرانەوە. گۆنزالۆ بۆ رزگاربوون لە کورسیی یەدەگ ڕووی لە خولەکانی ئاستی نزمتر کرد، سەردەمێکی کابووساوی لە تیمەکانی وەک دێپۆرتیڤۆ مێرلۆ و دێفێنسۆرس دێ بێلگرانۆ تێپەڕاند و دەڵێت '' لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین یانەکانی کیشوەرەکەوە چوومە تیمێک کە تەنانەت جلی گونجاوی ڕاهێنان و ئاوی گەرمی بۆ خۆشۆردن نەبوو ''.
لە مانگی ئەیلوولی 2014 و لە تەمەنی 22 ساڵیدا، سەبر و تەحەمولی گۆنزالۆ لێواولێو بوو، دوای یارییەک لە خولی پلە سێیەکان، تەلەفۆنەکەی هەڵگرت و پەیوەندی بە باوکییەوە کرد و گوتی ''ئیتر ئامادە نییە بەردەوام بێت و چێژ لە تۆپی پێ نابینێت، هەمیشە کاتێک فیکەی کۆتایی ڕاهێنانەکان لێدەدرا، دەمویست بە زووترین کات ڕابکەم و بگەمەوە ماڵەوە ''.
ئەو کاتە بوو گۆنزالۆ وازی لە یاریکردن هێنا و ژیانی بە تەواوەتی داڕما، کارەکەی لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە بە گواستنەوەی بوتڵە قورسەکانی غاز لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانیدا دەست پێ کرد و تازە تێگەیشت کە جیهانی دەرەوەی تۆپی پێش بەقەد ئەم وەرزشە بێڕەحمە. ئاپازا دوای ماوەیەک بە پاشەکەوتەکانی سەردەمی تۆپی پێی، بارهەڵگرێکی بچووکی کڕی چوو سەر کاسبیی خێزانییەکەیان. گۆنزالۆ ئێستا بەرپرسە لە دابەشکردنی پەتاتە، پیاز و سەوزەوات بۆ دوکان و ڕێستۆرانەکانی شار و دەڵێت '' من دەستبەرداری تۆپی پێ نەبووم، بەڵکو قەدەری من ئەوە بوو و ئەمڕۆش هێمنترین ڕۆژەکانی ژیانم ئەزموون دەکەم ''.