لە کەرکووک هێرش کرایە سەر پۆلیسی فیدراڵی

پۆلیسێک کوژراو چواریش برینداربوو

لە ئەنجامی پەلامارێکی چەکداریدا بۆ سەر خاڵێکی سەربازیی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە سنووری قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکووک، پۆلیسێک کوژرا و چواری دیکەش بریندار بوون؛ هاوکات هێرشبەران کامێرایەکی حەراریی چاودێرییان تێکشکاندووە.

دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنییەوە ئاشکرای کرد، چەکداران هێرشێکی کتوپڕیان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازیی سەر بە فەوجی سێی لیوای نۆی پۆلیسی فیدراڵی لە سنووری قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک.

لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللە و پەلامارەکەدا، پۆلیسێک دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و چوار پۆلیسی دیکەش بریندار بوون کە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە. هاوکات چەکدارەکان لە کاتی هێرشەکەدا، کامێرایەکی حەراریی سەربازییان تێکشکاندووە کە لەو خاڵەدا بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش دانرابوو.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دەستبەجێ دوای رووداوەکە هێزێکی زۆری ئەمنی گەیشتوونەتە ناوچەکە و گەمارۆی شوێنی پەلامارەکەیان داوە، و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی کێوماڵکردن لە سنوورەکە دەستی پێکردووە بە مەبەستی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە.