هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە تاوتوێ ناردنی هێزی سەربازی بۆ سعوودیە دەکات
لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا لە ریاز، سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە بڕیاریان دا دەستبەجێ بەندی بەرگریی هاوبەش بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و هێز و کەرەستەی سەربازیی بەپەلە رەوانەی خاکی سعوودیە بکەن. هاوکات فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی پاکستان وەک یەکەمین ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانێتییەکە دیاری کرا.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە راگەیەندراوێکی هاوبەشی کۆبوونەوەی بەپەلەی لیژنەی ستراتیجیی سیاسی و بەرگریی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککەی بڵاو کردەوە، کە ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە ریاز بە بەشداریی شاندی باڵای هەرسێ دەوڵەت بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر خاکی سعوودیە.
لە گرنگترین بڕیاری کۆبوونەوەکەدا، هەرسێ وڵات بڕیاریان دا دەستبەجێ بپەڕنەوە بۆ قۆناخی جێبەجێکردنی کرداریی پابەندییەکانی بەرگریی هاوبەش؛ لەو چوارچێوەیەشدا رێکاری بەپەلە دەگیرێتەبەر بۆ دابینکردنی هێز و توانستە سەربازییە هاوبەشەکان و خێراکردنی پرۆسەی جێگیرکردنیان لە ناو خاکی سعوودیە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپەرچدانەوەی دەستەجەمعی و پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە لە بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکاندا.
لە رووی دامەزراوەییشەوە، بە بڕیاری لیژنەکە فەریق ژەنەڕاڵی خانەنشین نەعمان مەحموود، لە کۆماری ئیسلامیی پاکستان، بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک یەکەمین ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە دەستنیشان کرا.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا، بە توندترین شێوە هەوڵەکانی بەئامانجگرتنی شارە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینە و بەردەوامیی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر شار و دامەزراوە مەدەنی و نەوتییەکانی سعوودیە شەرمەزار کران. هاوکات تورکیا و پاکستان ستایشی وریایی و توانای پیشەگەریی هێزە چەکدارەکانی سعوودیەیان کرد لە پووچەڵکردنەوەی هێرشەکاندا.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەرسێ وڵات جەختیان لەسەر بنەمایەکی ستراتیجی کردەوە و رایانگەیاند، ئاسایشی هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی دەستەجەمعیی هەرسێکیان، و وەرگێڕانی رێککەوتنی مەککە بۆ هەنگاوی سەربازیی مەیدانی، سەلمێنەری جددییەتی هاوپەیمانێتییەکەیە لە بەرگریکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ئەندام.
هەروەها، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (TRT Haber) لە ریاز، ئاماژەی بە کۆبوونەوەی باڵای لیژنەی بەرگریی هاوبەشی نێوان تورکیا، پاکستان و سعوودیە کرد و ڕایگەیاند، گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک وردەکاریی تەکنیکیی گرنگ کردووە سەبارەت بە کاراکردنی بەندی بەرگریی هاوبەش.
فیدان روونی کردەوە، سەبارەت بە دۆسیەی یەمەن، بەتایبەتی لە بواری پاراستن و بەرگریکردن لە خاکی سعوودیە، گفتوگۆی چڕمان لەسەر ئەوە کردووە کە چ جۆرە پاڵپشتییەکی سەربازی و بەرگری دەتوانرێت پێشکەش بە ریاز بکرێت بۆ پاراستنی لە بەرامبەر هێرشەکاندا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە رێگای دیپلۆماسیش کرد و گوتی: لەلایەکی دیکەوە، بە وردی و لە هەموو رەهەندەکانییەوە تاوتوێی ئەوەمان کردووە، چۆن دەکرێت لە رێگەی ئاشتییانە و دیالۆگەوە ئەم قەیرانە چارەسەر بکرێت؛ لەم نێوەندەشدا سعوودیە هەڵوێست و تێڕوانینێکی زۆر بنیاتنەر و واقیعیانەی هەبووە.
لە 7ی ئابی 2026، سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری جەددە رێککەوتننامەیەکیان بۆ بەرگریی هاوبەش ئیمزا کرد.
ئەم هاوپەیمانییە نوێیە کە تورکیا، دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ ، پاکستان دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و سعوودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان لەخۆدەگرێت، تورکیا ئاشکراشی کردووە لە داهاتوودا دەرفەت هەیە میسریش پەیوەندی بەم هاوپەیمانییە بەرگرییەوە بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بەبێ ئەوەی ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان بێت لەگەڵ واشنتندا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی دابوو، رێککەوتننامەکە هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ بڕگەی بەرگریی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت؛ بە جۆرێک کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی ئەندامانی رێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت، و ئامانج لێی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەشە لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی سەربازیدا.
لە مانگی تەممووزی رابردوودا بەهۆی تۆمەتبارکردنی ریاز بە بۆردوومانی فڕۆکەخانەی سەنعا، حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیەدا سەپاند و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەستیانپێکردەوە.
هاوکات بەشێکی زۆری کەناراوەکانی دەریای سوور تا دەگاتە بابولمەندەب لەلایەن حووسییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەمەش هەژموونی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییە هەستیارانەدا چڕتر بووەتەوە، کاریگەری لەسەر شادەماری هەناردەی نەوتی سعوودیە و دەروازەی سەرەکیی کەناڵی سوێسن هەبووە.