ترەمپ: ئۆپەراسیۆنەکانمان دژ بە حوسییەکانی یەمەن بەباشی بەڕێوە دەچن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران، لە هەمان کاتدا پێشبینی ئەوە دەکات تاران هێرش بکاتەوە سەر وڵاتانی دراوسێی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە ئەگەری دانوستان لەگەڵ تاران، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەیە بۆ دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران. هاوکات لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان دەربارەی ئەوەی ئایا پێیوایە تاران هێرش بکاتەوە سەر دراوسێکانی؟ ترەمپ بە کورتی گوتی "بەڵێ، پێموایە هێرش دەکاتەوە."

سەبارەت بە جووڵەی سەربازی و پاراستنی کەلوپەلە جەنگییەکانی سوپای وڵاتەکەی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد "هەندێک مەترسی بۆ سەر فڕۆکەکانمان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا هەبوون، هەر بۆیە بۆ شوێنێکی دوورترمان گواستنەوە." دەربارەی گرژییەکانی دەریای سوور و یەمەنیش، گوتی"ئۆپەراسیۆنەکانمان دژ بە حوسییەکانی یەمەن زۆر بەباشی بەڕێوە دەچن."

دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر پرسی وزە و رایگەیاند "لە گەرووی هورمزەوە رێژەیەکی زۆری نەوتمان هێناوەتە دەرەوە، ئێستاش کارێکی زۆر باش دەکەین بۆ ئەوەی نرخی گاز دابەزێنین."

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی کەنەدا بەرامبەر واشنتن و گوتی "کەنەدا مامەڵەیەکی زۆر خراپی لەگەڵ ئەمریکادا کردووە؛ ئەوان بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو لەگەڵ ئێمە راستگۆ نەبوون."