ئەڵمانیا هۆشداری لە هەنگاوەکانی داهاتووی رووسیا دەدات
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، رووسیا ئامانجی فراوانتری لە جەنگی ئۆکرانیا هەیە و مۆسکۆ بەنیازە سنوورەکانی خۆی بەرفراوان بکات.
یوهان فادێڤۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن تی ڤی" گوتی: پێش دەستپێکردنی جەنگ، رووسیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئۆکرانیا هەبووە و رووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەک نەبووەتەوە، هاوکات رێککەوتنی دابینکردنی وزەی لەگەڵ چەند وڵاتێک، لەوانەش ئەڵمانیا هەبووە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە مەبەستەکانی رووسیا روونیکردەوە، لێدوانەکانی پێشووی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کە هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی بە گەورەترین کارەساتی سەدەی 20 ناوبردووە، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی مۆسکۆ دەیەوێت ئەو دۆخە پێچەوانە بکاتەوە.
فادێڤۆڵ جەختیدەکاتەوە، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە گەورەترین کارەسات بێت، ئەوا ئەگەری زۆرە مۆسکۆ بیەوێت پێچەوانەی بکاتەوە و ئەم خواستەش تەنیا ئۆکرانیا نا، بەڵکو جۆرجیا، مۆڵدۆڤا و وڵاتانی باڵتیکیش دەگرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا روونیکردەوە، ئەڵمانیا وەک هاوپەیمانێک زیانی پێدەگات، چونکە وڵاتانی باڵتیک ئەندامن لە یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ.
فادێڤۆڵ لەبارەی پابەندبوونی وڵاتەکەی بە هاوپەیمانێتیی ناتۆ رایگەیاند، ئەڵمانیا تەنیا لە کاتی هێرشکردنە سەر خاکی خۆی هەست بە هەڕەشە ناکات، بەڵکو لە کاتی پێشێلکردنی سنووری هەر یەک لە وڵاتانی پۆڵەندا، ئیستۆنیا، لاتیڤیا یان لیتوانیاش هەمان هەڵوێستی دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فادێڤۆڵ خستیەڕوو کە ئەڵمانیا ئێستا رووبەڕووی هێرشی تێکەڵ بووەتەوە و ئاماژەی بە رووداوەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایپزیگ و هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی پێشوو کرد.
مانگی ئاب، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لەنێوان فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئۆکرانیا لە فڕۆکەخانەی لایپزیگ/هالە دۆزرایەوە. حکوومەتی ئەڵمانیا مۆسکۆ بە بەرپرسیار دەزانێت، بەڵام رووسیا ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە.