لە دەریای رەش و نزیک بولگاریا دوو کەشتی بە درۆن تەقێندرانەوە
رادێڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی و بەڕێوەبەرایەتی چوار وەزارەت ئەنجامدا، ئەمەش دوای ئەوەی دوو کەشتی لە ناوچەی ئابووریی تایبەتی بولگاریا لە دەریای رەش کەوتنە بەر هێرشی درۆنی و یەکێکیان ژێرئاو کەوت.
سێشەممە، 6ی ئۆکتۆبەری 2026، خزمەتگوزاری زانیاریی حکومەتی بولگاریا رایگەیاند، هێرشەکان لە دووریی ننزیکەی 80 میل لە کەناراوەکانی ناوچەی بیالای سەر بە پارێزگای ڤارنا روویانداوە.
ماڵپەڕی "Maritime.bg" رایگەیاندووە، یەکێک لە کەشتییەکان کە ئاڵای تۆگۆی لەسەر بووە و ناوی "Alfa Watan"ە، بە تەواوی ژێرئاو کەوتووە و تا ئێستا چارەنووسی تیمی کەشتییەکە نەزانراوە.
لەلایەکی دیکەوە، دوو کەشتیی دیکە کە بریتیبوون لە کەشتیی گەشتیاریی "Dioscuria"ی هەڵگری ئاڵای بولگاریا و کەشتیی "Mercy"ی هەڵگری ئاڵای سەنت کیتس و نیڤس، بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنی رزگارکردندا کردووە. لە ئۆپراسیۆنەکەدا توانرا تەواوی 18 ئەندامی تیمی کەشتیی بزوێنەرداری "Able" رزگاربکرێن کە دوای هێرشە درۆنییەکان ئاگری گرتووە. سەرجەم رزگارکراوەکان رادەستی کەشتییەکانی پۆلیسی سنوری بولگاریا کراون بۆ ئەوەی بگواسرێنەوە بۆ وشکانی.
ئەم هێرشانەی ناوچەی ئابووریی تایبەتی بولگاریا لە کاتێکدان، تەنیا رۆژێک پێشتر کەشتییەکی تورکی کە گەنمی لە ئۆکرانیایەوە بۆ ئیتالیا دەگواستەوە، دوای هێرشێکی درۆنی لە ناوچەی ئابووریی تایبەتی رۆمانیا لە دەریای رەش ئاگری گرت و ژێرئاو کەوت، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 11 کەسی دیکەش رزگارکران.