سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی هۆشداری توند دەداتە ئیسرائیل
محەمەد ئەحمەد یەماحی، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی بە توندی سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلی لە خاکی سووریا کرد، کە دوایینیان بریتییە لەو چالاکییانەی پەیوەستن بە هێڵی سۆڤا 53 لە پارێزگای قونەیتەرە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد ئەحمەد یەماحی لەراگەیەندراوێکدا گوتی: ئەو رەفتارانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەییی خاکی سووریان و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی دادەنرێن.
سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی رایگەیاند، بەردەوامی چوونی هێزەکان و جووڵە سەربازییەکان لە خاکی سووریا، دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی گرژی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، دووپاتیشیکردەوە، ئەم رەفتارانە پێچەوانەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتین لەبارەی رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و سەلامەتیی خاکیان.
یەماحی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و ئیسرائیل ناچار بکەن رێز لە رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974 بگرێت و پابەند بێت بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی هەروەها داوای گرتنەبەری هەنگاوی جیددی و کارای کرد بۆ ئەوەی رێگری لە بەردەوامبوونی ئەو پێشێلکارییانە بکرێت و رێگە لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەکە لە ناوچەکەدا بگیرێت.
یەماحی پشتیوانیی پەرلەمانی عەرەبی بۆ سووریا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەییی خاکی ئەو وڵاتەدا لە تەنیشتیان دەوەستن.