سوپای ئیسرائیل خرایە ئامادەیی

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سوپای وڵاتەکەی لە هەموو ناوچەکان خستە ئامادەیی و رایگەیاندووە، لە سێیەمین ساڵیادی هێرشەکان 7ـی ئۆکتۆبەری چەکدارانی حەماس خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو سیناریۆ و ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو ئامادە بکەن، بە تایبەت لە کەرتی غەزە.

یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، هۆشدارییەکی بە پەلەی ئاراستەی سەرجەم یەکەکانی سوپای وڵاتەکەی کردووە و رایگەیاندووە، گوایە چەکدارانی حەماس پلانیان هەیە لە سێیەمین ساڵیادی هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023دا لە کەرتی غەزە هێرشی سەر سەربازانی ئیسرائیل بکەن.

لە هۆشدارییەکەدا وەزیری بەرگری رایگەیاندووە، سەرجەم یەکە و هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دەبێت خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆکان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی شکست بە هەر هەڕەشەیەک و هێرشێک بهێنن. رایگەیاندووە، زانیاریان لەبارەی جموجوڵی چەکدارانی حەماس هەیە و فەرمانی بە سەربازانی ئیسرائیل کردووە، لە ئەگەری هەر هەنگاوێکدا وەڵامی توندیان بدرێتەوە.

بەهۆی هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، کە بە هۆیەوە 1221 کەسی ئیسرائیلی و خەڵکی بیانی کوژران. لە بەرانبەردا ئیسرائیل توندترین هێرشی سەربازی کردە سەر کەرتی غەززە و بە گوێرە ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، نزیکەی 75 هەزار فەڵەستینی کوژراون.

ساڵی رابردووش، لە دووەمین ساڵیادی 7ـی ئۆکتۆبەردا، چەکدارانی حەماس لە غەزەوە مووشەکێکیان ئاڕاستەی ناوچەی سنووریی نەتیڤ هائاسارا کرد.

شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل 77 ساڵ کەرتی غەززەی گەڕاندە دواوە

بە گوێرەی راپۆرتێکی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکیی جیهانی، کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە ئامادە کراوە، ئەگەر لەم ساڵدا دەست بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە بکرێت، تا ساڵی 2036 دەخایەنێت، واتە 10 بەردەوام دەبێت و 71 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

راپۆرتەکە ئاماژەی بە زیانە ماددییەکانی بەر ژێرخانەکان داوە و بە 35 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراون، لە کاتێکدا زیانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان گەیشتوونەتە 22 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، لەنێویاندا زۆرترین زیان بەر کەرتەکانی نیشتەجێبوون، تەندروستی، پەروەردە، بازرگانی و کشتوکاڵ بەرکەوتووە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، 371 هەزار و 888 یەکەی نیشتەجێبوون وێرانبوون یان زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 50%ی ناوەندە تەندروستییەکان لەکارکەوتوون و نزیکەی تەواوی قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات ژێرخانی ئابووریی کەرتەکە بە رێژەی 84% وێرانکراوە.

نزیکەی 1.9 ملیۆن کەس ئاوارە بوون کە زۆربەیان چەندینجار شوێنی مانەوەیان گۆڕیوە، زیاتر لە 60%ی دانیشتووانی کەرتی غەززە خانوو و ماڵەکانیان وێران بووە و هیچ شوێنێکیان بۆ مانەوە و تێدا حەوانەوە نەماوە. 

راپۆرتە هاوبەشەکە ئاماژە بەوە دەکات، تێکچووی باری گوزەران و نەمانی سەرچاوەکانی بژێوی و کێشەی ئاسایشی خۆراک، پرۆسەی گەشەپێدانی مرۆیی لە کەرتی غەززەدا بە بڕی 77 ساڵ بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە.