مۆسکۆ هەوڵی هێورکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئەفغانستان و پاکستان دەدات
رووسیا ئامادەییی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی سیاسی و دیپلۆماسی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان دەربڕی و جەختدەکاتەوە لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ کابول و فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.
زەمیر کابۆلۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان دوای کۆبوونەوەیەک لەبارەی ئەو پرسە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە یارمەتیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئەفغانستان و پاکستان بدات، بەو مەرجەی هەردوو لا داوای دەستێوەردانی رووسیا بکەن.
کابۆلۆڤ روونیکردەوە، ناکۆکییەکانی نێوان کابول و ئیسلامئاباد بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی راگەیەندراوێکی هاوبەش لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا دەرنەکرێت. بەشداربووان داوایان لە هەردوو وڵات کردووە خۆیان لە پەنابردنە بەر کاری سەربازی دژی یەکدی بەدوور بگرن و هۆشداریشیان دا، لە کاتی پەرەسەندنی ململانێکاندا، هاووڵاتییانی مەدەنی زۆرترین زیان بەردەکەوێت.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، گرنگیی بەشداریکردنی راستەوخۆی ئەفغانستان لە کۆبوونەوەکانی مۆسکۆ و ئەو میکانیزمەی بە سەکۆیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی پرسە پەیوەندیدارەکان بە ئەفغانستان و ناوچەکەوە وەسفکرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پیرۆزبایی پێنجەمین ساڵیادی کشانەوەی هێزەکانی ناتۆی لە ئەفغانستان کرد. لاڤرۆڤ دەستخۆشیی لەو رێکارانەش کرد کە ئەفغانستان لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بەهێزکردنی ئاساییش گرتوویانەتە بەر.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا روونیکردەوە، دانپێدانانی فەرمیی مۆسکۆ بە ئەفغانستان، ئەو ئاستەنگانەی لاداوە کە پێشتر لە بەردەم هاریکاریی نێوان هەردوو وڵاتدا هەبوون. ئەم هەنگاوە دەرگای بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە چەندین بواردا کردووەتەوە.