باخچەلی: پێویستە ئەردۆغان جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆمار بەربژێر بکاتەوە
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، بۆ ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە مافی خۆبەربژێرکردنەوەی هەبێت، پێویستە پەرلەمان بڕیار لەسەر نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات و لە ساڵی 2028 پرۆسەکە بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەوڵەت باخچەلی لە کاتی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد "پێویستە سەرکۆمار ئەردۆغان جارێکی دیکە ببێتەوە بەربژێر و هەڵبژێردرێتەوە؛ لەم قۆناغەدا وڵات پێویستی بە ئەزموون و ئیرادەیەم، لە رێگەی هێنانەکایەی 'تورکیایەکی بێ تیرۆر و ناوچەیەکی بێ تیرۆر'، پێویستمان بە گۆڕینی ئاراستە نییە، بەڵکو دەبێت دۆخی ئێستا ئاراستە بکرێت و بەڕێوەببرێت."
سەرۆکی مەهەپە باسی لەوەش کرد "پێویستە سەرکۆمار ئەردۆغان جارێکی دیکە لە ئەرکەکەیدا بەردەوام بێت. بەربژێربوونەوە و سەرکەوتنی ئەو لە هەڵبژاردندا، خواست و داواکاریی ئێمەیە، بەربژێربوونەوەشی لە بەرژەوەندیی تورکیا و تەواوی ناوچەکەماندا دەبێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، دەوڵەت باخچەلی جەختی لەوە کردەوە، "دەبێت لە پەرلەمان بڕیار لەسەر نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدرێت و لە ساڵی 2028 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت تاوەکو سەقامگیری بەردەوام بێت؛ بەم هەنگاوەش نادڵنیایی لەناو دەچێت و وڵاتەکەمان بە تەواوی گوڕوتینەوە درێژە بە رێگەکەی دەدات."