روبیۆ: پێویستە رووسیا زانیاریی شەفاف لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئاشکرا بکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێستا پرسی ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ لەسەر مێزی گفتوگۆکان نییە و واشنتن تەواوی سەرنجی لەسەر کۆتاییهێنانی جەنگەکەیە؛ هاوکات داوای لە رووسیا کرد زانیاریی شەفاف لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لە تاقیگەیەکی وڵاتەکەیان بخاتەڕوو تا بتوانرێت چارەسەری گونجاوی بۆ بپۆشرێت.
سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئایسلەندییەکەی،لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئاندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ گوتی: ئەو بابەت ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆکان نییە، هاوکات ئەو پرسە پرۆسەیەکە پێویستی بە کۆ دەنگییە؛ گوتیشی: ئێمە ئێستا سەرنجمان لەسەر کۆتاییهێنانی جەنگە؛ پێشتریش دووپاتمان کردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە ئامادەیەن رۆڵێکی کاریگەر ببینین.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەی لە تاقیگەیەکی رووسیا، گوتی: ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین، بەڵام من ناتوانم هیچ قسەیەکی لەسەر بکەم، چونکە زانیاری پێویستیم لەسەر نییە، بەڵام ئەوە ئەرکە لەسەر رووسیا کە زانیاریی شەفاف و دروست هاوبەشی پێ بکات؛ بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بکەین.
مارکۆ روبیۆ سەرنجی خستە سەر گۆڕانکارییە جیهانییەکانی دوو دەیەی رابردوو و رایگەیاند؛ بەهۆی پێگەی جوگرافییەوە، ئایسلەندا رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا و خودی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، بەتایبەت لە کاتێکدا کە سەرنجی جیهان بە چڕی رووی لە ناوچەی جەمسەری باکوورە (ئارکتیک).
روبیۆ هۆشداری دا، لە سەدەی بیست و یەکەمدا هەڕەشەکان تەنیا لە شەڕی سەربازیی کلاسیکدا کورت نابنەوە، بەڵکو مەترسیی ئابووری، پەلاماری ژێربەژێر و هەڕەشە بۆ سەر کێبڵەکانی پەیوەندیی ژێر دەریا و هێڵەکانی کەشتیوانی لە باکوور زیادیان کردووە، ئەمەش وادەکات وڵاتانی ناتۆ بە شێوەیەکی دەستەجەمعی رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببنەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکان، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، سەردەمی رێککەوتننامە فرەلایەنەکانی بازرگانیی ئازاد کۆتایی هاتووە، بەڵام واشنتن دەیەوێت لە رێگەی رێککەوتنی بازرگانیی دووقۆڵی و هاوبەشەوە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئایسلەندا بەهێزتر بکات.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئاڵۆزییە دیپلۆماسییەکانی مانگی رابردوو و بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە لایەن حکوومەتی ئایسلەنداوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ نەخشەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئایسلەندا و گرینلاند بە ئاڵای ئەمریکا رەنگ کرابوون، روبیۆ ئەو بابەتەی بە هەند وەرنەگرت و گوتی: ئێمە لێرە نین بۆ ئەوەی قسە لەسەر پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین. من لێرەم بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وڵاتێک کە پەیوەندی و هاوکارییەکی زۆر لەمێژینە و قووڵمان پێکەوە هەیە و پەیوەندییەکانمان لەوپەڕی ئاستی ئەرێنیدان.