ترەمپ: ئیسلام دەیەوێت دەست بەسەر فەرەنسا بگرێت
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لەسەر گرژییەکانی فەرەنسا، هێرشی توندی کردە سەر پرۆسەی کۆچبەری لەو وڵاتەدا و رایگەیاند، رووداوەکان پەیوەندییان بە کێشەی قوتابخانەکانەوە نییە، بەڵکو ئەنجامی کۆچی بەکۆمەڵی لەکۆنترۆڵدەرچووە.
سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، روانگەی خۆی سەبارەت بە ناڕەزایەتی و گرژییەکانی ئەم دواییەی فەرەنسا خستەڕوو و نووسیویەتی: ئەوەی لە فەرەنسا روودەدات، هیچی کەمتر نییە لە کۆچی بەکۆمەڵ کە بە تەواوەتی لە کۆنترۆڵ دەرچووە.
ترەمپ پەنجەی خستە سەر رەهەندی ئایینی و کولتووریی دۆخەکە و گوتی: ئەم بابەتە پەیوەندی بە قوتابخانەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەی کە ئیسلام دەیەوێت دەست بەسەر وڵاتێکدا بگرێت کە رۆژگارێک وڵاتێکی مەزن بوو!.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، شەپۆلی ناڕەزایەتیی خوێندکاران کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی دەوروبەری پاریسەوە دەستی پێکرد، ئەمڕۆ لە گەورەترین ڕۆژیدا سەرجەم شارە گەورەکانی لەوانە پاریس، لیۆن، ستراسبۆرگ، نانت و مارسیلیای گرتەوە. ناڕەزایەتییەکان بەهۆی کەمیی مامۆستا، خراپیی ژێرخانی قوتابخانەکان، زۆریی کاتژمێرەکانی خوێندن 8ی بەیانی تا 6ی ئێوارە و دابەزینی ئاستی خوێندن بەپێی ڕیزبەندیی نێودەوڵەتیی پیسا سەریهەڵداوە.
لە شارەکانی وەک لیۆن و ستراسبۆرگ، خۆپیشاندانەکان گرژیی توندیان بەخۆوە بینی؛ پۆلیسی دژەئاژاوە گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و لە بەرامبەردا بەشێک لە خۆپیشاندەران بەرد و تەنی تەقێنەریان هاویشت و ئاگریان لە شەقامەکاندا بەرپاد کرد. لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە باکووری فەرەنسا، خوێندکارێکی تەمەن 15 ساڵان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی گازی فرمێسکڕێژ بە دەستیدا، بە سەختی بریندار بوو و مەچەکی پەڕی.
حکوومەتی فەرەنسا ئاشکرای کردووە کە لە دەستپێکی ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە 6 هەزار و 100 کەس دەستگیرکراون کە زۆرینەی هەرە زۆریان مێردمنداڵن، و زیاتر لە هەزار و 800 کەسیان رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە. هاوکات لە پێکدادانەکاندا لانیکەم 715 ئەفسەر و پۆلیس و 215 خوێندکار بریندار بوون.
لە نێو هۆڵی پەرلەماندا، سێباستیان لێکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، وێڕای ئیدانەکردنی توندوتیژییەکان گوتی: توندوتیژی لە دەرگای قوتابخانەکانی داوە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە، بەڵام بەڵێنی دا کە بەدەم داواکارییە رەواکانی خوێندکارانەوە بچن بۆ پڕکردنەوەی کەمیی مامۆستایان و نۆژەنکردنەوەی بیناکان. لە بەرامبەردا، سەرکردە چەپەکانی وەک ژان لوک میلانشۆن چوونە نێو خۆپیشاندەران و پشتیوانیی خۆیان بۆ گەورەترین جووڵەی گەنجان لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا دەربڕی.
ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییە لە کاتێکی هەستیاردا رووبەڕووی حکوومەتی فەرەنسا بووەتەوە، کە تەنیا شەش مانگ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە و وڵاتەکە بەدەست کورتهێنانی گەورەی بودجە و بەرزبوونەوەی مێژوویی سوودی قەرزەکانەوە دەناڵێنێت؛ لە هەمان کاتدا مارین لۆپێن، کاندیدی راستڕەوی توندڕەو، پێشنیازی بڕینی 25 ملیار یۆرۆی ساڵانەی لە خەرجییەکانی دەوڵەت خستووەتەڕوو بۆ رزگارکردنی دارایی وڵات.
میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە "پیێر کۆشارد" باڵیۆزی فەرەنسای لە تاران بانگهێشت کردووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی پاریس لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای چاکسازی لە کەرتی پەروەردە دەکەن.
ئێران دەسەڵاتدارانی فەرەنسای بە "مامەڵەی توندوتیژانە" بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی "پێشێلکاریی بەرفراوان و ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ" تۆمەتبار کردووە، ئەوەش دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوودا ناڕەزایەتیی قوتابییان لە فەرەنسا توندوتیژی و پێکدادانی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و هەرزەکاراندا لێکەوتەوە.
ئەم گرژییە دیپلۆماسییە نوێیە لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و تاران ماوەی چەندین مانگە ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە و لە مانگی ئابی رابردووشدا هەردوو وڵات دیپلۆماتکارانی یەکتریان دەرکردبوو.
لەلایەکی دیکەوە، رەخنەکانی ئێران لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە فەرەنسا لە کاتێکدایە کە تاران خۆی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا رووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی جەماوەری بووەوە. لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند زیاتر لە سێ هەزار کەس لە "کردەوەی تیرۆریستی"دا کوژراون کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئاڕاستە کرابوون، لە بەرامبەردا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ جەختیان دەکردەوە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقەی راستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کردووە.