جەنگی بابولمەندەب و زەلکاوی یەمەن
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، دوای دوازدە ساڵ لە هەڵگیرسانی جەنگێکی وێرانکەری ناوخۆیی، یەمەن جارێکی دیکە لە چەقی گێژاوێکی نوێدایە؛ ئەمجارەیان لەسەر شادەماری بازرگانیی جیهان، لە گەرووی بابولمەندەب. هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی یەمەن بە پشتیوانیی ئاسمانیی سعوودیە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کەناراوەکانی دەریای سوور، تەنیا رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی سادە نییە لە نێوان دەوڵەت و یاخیبوواندا، بەڵکو پەردەلادانە لەسەر نەخشەیەکی یەکجار ئاڵۆز لە هاوپەیمانێتیی شلۆق، بەرژەوەندیی دژبەیەک و فرەکوێخایی کە یەمەنی خستووەتە دۆخێکەوە زەحمەتە بە چەمکە تەقلیدییەکانی زانستی سەربازی بخوێندرێتەوە.
لە پایزی 2014ـەوە کاتێک چەکدارانی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت، هاوکێشەی یەمەن گۆڕانی ریشەیی بەسەردا هات. ئەمڕۆ ئەو گرووپەی رۆژگارێک لە شاخەکانی سەعدە گەمارۆدرابوو، حوکمی زیاتر لە 60%ـی دانیشتووانی وڵات دەکات.
وێڕای دەیەیەک لە بۆردوومانی هاوپەیمانیی عەرەبی و دواتریش لێدانە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، نەک هەر نەکەوتن، بەڵکو لە رێگەی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بوونەتە سەرسەختترین باڵی میحوەری نزیک لە تاران. مانگی رابردوو کاتێک حووسییەکان پێشڕەوییان کرد و دەستیان بەسەر گەرووی بابولمەندەبدا گرت و گەمارۆی دەریاییان بەسەر کەشتیوانیی سعوودیەدا سەپاند، کارتی سەرەکیی بازرگانیی جیهانیان قۆستەوە بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا.
بەرەی دژەحووسی؛ کەشتییەکی پڕ لە کێبڕکێکار
لە بەرامبەر حووسییەکاندا، بەرەیەک نابینرێت کە خاوەنی یەک ئامانج و یەک دیدگا بێت. ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتی بە سەرۆکایەتیی رەشاد عەلیمی کە لە ساڵی 2022 لە ریاز پێکهێنرا تا ناکۆکییەکانی ناوخۆی دژەحووسییەکان کۆتایی پێبهێنێت، خۆی بووەتە قوربانیی فرەکوێخایی. لە مەیداندا، لیواکانی عەمالیقە کە لە سەلەفییە توندڕەوەکانی باشوور پێکدێن و بە رابەرایەتیی ئەبو زەرعە موحەڕەمی پێشڕەویی شەڕی کەناراوەکان دەکەن، بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەش بوون؛ بەشێکیان هێشتا دڵسۆزی ئیماراتن و بەشێکی دیکەیان قوات درع وەتەن بەرەو سعوودیە لاریان کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی بە فەرماندەیی تاریق ساڵح (برازای عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی سەرۆکی پێشوو) لە کەناراوەکانی رۆژئاوا هەوڵ دەدەن باڵانسی هێز لە بەرامبەر حووسییەکان و هاوکات لە بەرامبەر جوداخوازانی باشووریشدا رابگرن. هاوتەریب، حزبی ئیسڵاح (ئیخوان موسلیمین) کە مەئریبی پڕ لە نەوت و گازی لەژێر دەستدایە، لەلایەن هاوبەشەکانی خۆیەوە لە باشوور بە تیرۆریست ناوزەند دەکرێت.
لە هەمووشی ئاڵۆزتر، ئەنجوومەنی راگوزەری باشوورە بە سەرکردایەتیی عەیدەروس زوبەیدی، کە چاوی لە زیندووکردنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی باشووری پێش ساڵی 1990ە و مانگی کانوونی دووەمی رابردوو کاتێک هێزەکانی بردە سنووری حەزرەمەوت و مەهرە لەسەر سنووری سعوودیە، زەنگێکی هۆشداریی توندی بۆ ریاز لێدا.
کێشمەکێشی ئیقلیمی؛ کشانەوەی هاوپەیمان و هاوپەیمانێتیی نوێ
سعوودیە کە ساڵی 2015 بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی شەرعی و دوورخستنەوەی هەژموونی تاران لە سنوورەکانی هاتە ناو یەمەن، ئەمڕۆ لە دۆخێکی جیاوازدایە. ئیمارات کە کاراترین هێزی زەمینی بوو لە هاوپەیمانێتییەکەدا، دوای ناکۆکییە قووڵەکانی لەگەڵ ریاز بە تەواوەتی هێزەکانی کشاندەوە، ئەمەش وایکرد سعوودیە پەنا بۆ هاوپەیمانیی نوێ ببات، وەک رێککەوتنی مەککە لەگەڵ پاکستان و تورکیا. لەم نێوەندەشدا پەلهاویشتنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بۆ دەریای سوور، یەمەنی کردووەتە سەکۆیەکی تاقیکردنەوەی مووشەکی کە ئابووریی جیهان لە گەرووی بابولمەندەبدا بە بارمتە دەگرێت.
هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر کەناراوەکانی بابولمەندەب تەنیا هەوڵێک نییە بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی کەشتیوانی، بەڵکو پەردەی دووەمی جەنگێکی بەوەکالەتە کە دەستپێکی هەیە و کۆتاییەکەی دیار نییە. لە یەمەندا، کە هەژارترین دەوڵەتی عەرەبییە، ململانێکان بەستراونەتەوە بە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی گڕگرتوو؛ تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییە دەرەکییەکان و دابەشبوونی ناوخۆیی بەردەوام بن، تفەنگەکان لەم وڵاتەدا بێدەنگ نابن، و بابولمەندەبیش وەک گرێکوێرەیەکی ستراتیجی لە گێژاوی ئەم جەنگەدا بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.