کاندیدێکی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا بۆ یەکەمجار بووە سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمێک
لە هەنگاوێکی بێوێنەدا لە مێژووی هاوچەرخی ئەڵمانیادا، کاندیدێکی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) کە پارتێکی راستڕەوی توندڕەوە، وەک سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی ساکسۆنیا-ئەنهاڵت هەڵبژێردرا؛ ئەمەش یەکەمین درزە لە دیواری ئاگرینی حزبە نەریتییەکان کە پێشتر بایکۆتی هەر جۆرە هاوکارییەکیان لەگەڵ ئەو پارتەدا دەکرد.
سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی هەرێمی ساکسۆنیا-ئەنهاڵت لە شاری ماگدێبۆرگ، تۆبیاس راوش، بازرگان و ئەندامی دیاری پارتی (AfD)، بە بەدەستهێنانی 48 دەنگ وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. راوش بووە یەکەم ئەندامی ئەو پارتە لە سەرانسەری ئەڵمانیادا کە بگاتە یەکێک لە باڵاترین پۆستەکانی دەسەڵاتی یاسادانان لەسەر ئاستی ویلایەتەکان.
ئەم سەرکەوتنەی راوش دوای ئەوە هات کە هاوپەیمانیی چەپڕەوی پۆپۆلیستی (BSW) پشتیوانیی خۆی بۆ کاندیدکردنی دەربڕی. سەرەڕای ئەوەی پارتی AfD خاوەنی 39 کورسییە و BSWش 5 کورسی هەیە کۆی گشتی دەکاتە 44 کورسی، بەڵام راوش 48 دەنگی بەدەستهێنا، ئەمەش دەریدەخات کە بەلایەنی کەمەوە چوار پەرلەمانتاری سەر بە حزبە نەریتییەکانی دیکەش لە دەنگدانە نهێنییەکەدا دەنگیان پێداوە و پابەندی بڕیاری حیزبەکانیان نەبوون.
سەرۆکی نوێی پەرلەمان لە یەکەم گوتاریدا داوای لە پەرلەمانتاران کرد پێکەوە کار بکەن و رایگەیاند: سەردەمی دیواری ئاگرین و دابڕینی سیاسی دەبێت ببێتە بەشێک لە رابردوو. هاوکات لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان، سەدان خۆپیشاندەر بە بەرزکردنەوەی دروشمی هیچ هاوکارییەک لەگەڵ راستڕەوی توندڕەودا ناکرێت ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ئەم پێشهاتە گوشارێکی توندی لەسەر حکوومەتەکەی فرێدریک مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و پارتی دیموکرات مەسیحی دروست کردووە کە لەسەر ئاستی فیدراڵی بە توندی رەتیدەکەنەوە هاوپەیمانی لەگەڵ راستڕەوەکاندا ببەستن.
سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە مێژووییەی پەرلەمان، ئۆلریش زیگمۆند، کاندیدی AfD بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکە، هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە بۆ پێکهێنانی زۆرینەی پێویست و رایگەیاندووە کە دەنگدان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ مانگی کانوونی یەکەم دوادەخرێت تا کاتی زیاتری لەبەردەستدا بێت بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی.