باکرهان: پێویستە رێگە بە ئۆجەلان بدرێت پەیوەندی ببەستێت

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە لەبری لێدوان و قسەکردن هەنگاوی کرداری بنرێت، جەختیشی لەوە کردەوە پێویستە دەرفەت بدرێت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان تا بە شێوەیەکی ئازادانە دیدار و پەیوەندییەکانی ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، تونجەر باکرهان رایگەیاند، "ئێمە دەڵێین دەبێت ئیتر لەبری قسەکردن، هەنگاوی کرداری بنرێن، لەم ئاراستەیەشدا پێویستە بە زووترین کات 'کۆمیسیۆنی هەماهەنگیی چەکدانان و ستراتیژ' بە شێوەیەکی کارا دەستبەکار بێت، ئەم هەنگاوەش بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بایەخێکی ژیانیی هەیە."

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت کۆمیسیۆنەکە بە زووترین کات و بە هەماهەنگی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەست بە کارەکانی بکات و گوتیشی "پێویستە ئۆجەلان بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە کارەکانی بکات، دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام بدات و پەیوەندی دابمەزرێنێت، هەروەها رێگەی بۆ خۆش بکرێت تا دەستی بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بگات."

سەبارەت بە رۆڵی پەرلەمان لە پرۆسەکەدا، باکرهان روونی کردەوە، "دەبێت کۆمیسیۆنی چاودێریی پەرلەمانیش بە زووترین کات پێکبهێنرێت و دەست بە کارەکانی بکات، پەرلەمان دەست بە چاودێری بکات، لەگەڵ لایەنەکان کۆببێتەوە و ئەو کارانەی دواکەوتوون جێبەجێیان بکات، هاوکات بۆ دەرکردنی یاسا پێویستەکانیش بکەوێتە جووڵە."

تونجەر باکرهان جەختی لە هاوسەنگیی هەنگاوەکان کردەوە و گوتی "چۆن لە لایەکەوە پرسی چەکدانان لە ئارادایە، دەبێت لە لایەکەی دیکەشەوە یاسا هەبێت."