سوید سیستمی پاتریۆت لە پۆڵەندا جێگیر دەکات

حکوومەتی سوید رایگەیاند، لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی پاتریۆت و نزیکەی 100 سەرباز ڕەوانەی خاکی پۆڵەندا دەکات، بە مەبەستی پاراستنی فڕۆکەخانەی ژێشۆڤ کە گرنگترین بنکەی لۆجستیی ناتۆیە بۆ گەیاندنی چەک و هاوکارییە سەربازییەکان بە ئۆکراینا.

سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئۆلف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید، بە فەرمی بڵاوی کردەوە کە وڵاتەکەی سیستمی مووشەکیی پاتریۆت لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆڵەندا جێگیر دەکات بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی ژێشۆڤ-یاسیۆنکا، کە تەنیا 80 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرایناوە دوورە و شادەماری سەرەکیی ناردنی هاوکارییەکانی رۆژئاوا و هاتوچۆی شاندە نێودەوڵەتییەکانە بۆ کیێڤ لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە ساڵی 2022ەوە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە یەکەمین جێگیرکردنی کرداریی سیستمی پاتریۆتی سویدییە لەژێر فەرماندەیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)دا، دوای ئەوەی ئەو وڵاتە بە فەرمی بووە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە. هێزەکانی سوید لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە ئەرکەکە لە یەکینەیەکی سەربازیی هۆڵەندا وەردەگرن، کە پێشتریش ئەمەریکا و ئەڵمانیا پاراستنی ئەو فڕۆکەخانەیەیان لە ئەستۆ گرتبوو.

جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت تەواوکەری ئەرکی فڕۆکە جەنگییەکانی گریپنی سویدی دەبێت، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان بە گەشتی ئاسمانی کردووە بۆ پاراستنی هەمان ناوەند. کریستەرسۆن ئاماژەی بەوە کرد ئامانجی هەردوو ئەرکەکە مسۆگەرکردنی ئاسایشی بنکە لۆجستییەکەی ناتۆیە لە بەرامبەر هەر مەترسییەکی مووشەکی یان درۆنی لە لایەن رووسیاوە.

ئەم هەنگاوەی ستۆکهۆڵم لە کاتێکدایە کە دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا مانگی رابردوو هۆشداری دابوو لەوەی بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، مۆسکۆ پلانی هێرشی تێکەڵاو لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە بۆ سەر ئەو وڵاتانە دادەڕێژێت کە چەک بۆ ئۆکراینا دابین دەکەن.

بڕیاری حکوومەتی سوید بۆ مانەوەی سیستمی پاتریۆت لە پۆڵەندا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کاری پێدەکرێت، لە کاتێکدا پۆل جۆنسۆن، وەزیری بەرگریی سوید ئاشکرای کرد ئامادەکاری دەکرێت ئەرکەکە تاوەکو نیوەی یەکەمی ساڵی 2027 درێژبکرێتەوە، بەڵام درێژکردنەوەی پێویستی بە پەسەندکردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەبێت.