سووریا فەرماندەیەکی باڵای داعشی دەستگیر کرد
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی باڵای سەربازیی رێکخراوی داعشی لە گوندەواری دیمەشق راگەیاند؛ ئەو تۆمەتبارە پلاندانەر و سەرپەرشتیاری سەرەکیی چەندین پەلامار بووە، لەنێویاندا تەقینەوە خوێناوییەکەی ساڵی رابردووی سەر مزگەوتێکی گەڕەکی عەلەوییەکان لە شاری حمس کە بووە هۆی کوژرانی هەشت کەس.
سێشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگری لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە گوندەواری دیمەشق، توانیویانە خالید رائید بەیرونی ناسراو بە ئەبو حەسەن دۆشکە دەستگیر بکەن، کە وەک فەرماندەی باڵای سەربازیی داعش لە ناوچەی حمس کاری کردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بەیرونی بەرپرسیار بووە لە داڕشتنی پلان و سەرپەرشتیکردنی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە شاری حمس، لەوانە دروستکردنی بۆمبی چێندراو و هێرشی تایفی؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە تەقینەوەکەی مانگی کانوونی یەکەمی 2025 کە مزگەوتی ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تالیبی لە گەڕەکێکی زۆرینە عەلەوینشینی حمس کردە ئامانج و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون.
ئەو هێرشەی ساڵی رابردوو، کە لەلایەن گرووپێکی توندڕەو بە ناوی سەرایا ئەنسارولسوننە کە شارەزایان بە باڵێکی داعشی دەزانن بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ گیرابوو، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لەنێو پێکهاتەی عەلەوییەکانی حمس دروست کردبوو.
سەرەڕای ئەوەی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2019ەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی جوگرافیی هاتووە، بەڵام پاشماوە و شانە نووستووەکانی هێشتا لە ناوچە بیابانییەکانی سووریا چالاکن و ناو بە ناو هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان؛ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقیش بەردەوام ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ دەستگیرکردن و لەناوبردنی سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە ئەنجام دەدەن.
هاوکات حاکمیە ئیبراهیم، بەرپرسی کەمپی رۆژ لە پارێزگای حەسەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، وێڕای رێککەوتنی نێوان هێزە کوردییەکان و حکوومەتی سووریا بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکان، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە ئیدارەی کەمپەکەدا رووی نەداوە و هێزە ئەمنییەکانی کورد بە توندی پاسەوانیی دەکەن.
ئاشکرای کرد کە لە کەمپەکەدا 729 خێزانی سەر بە داعش دەژین کە ژمارەیان لە دوو هەزار و 200 کەس زیاترە و خەڵکی پتر لە 50 وڵاتی جیاوازن، کە زۆرینەیان هاووڵاتیی رووسیان، لە پاڵ ژن و منداڵانی بەڕەگەز فەرەنسی، ئەڵمانی، تورک، تونسی و مەغریبی.
کەمپەکە چەندین کەسایەتیی بەناوبانگی تێدایە، لەوانە شەمیمە بێگوم کە پێشتر هاووڵاتیی بەریتانیا بوو و بەهۆی چوونە نێو داعشەوە رەگەزنامەکەی لێ سەندرایەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی دیمەشق، دوو بەرپرسی حکومەتی سووریا بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، دۆسیەی کەمپی رۆژ لە چوارچێوەی رێککەوتنی گشتیی نێوان کورد و دەوڵەتدایە، بەڵام پرۆسەی رادەستکردنی ئیدارەی کەمپەکە بە دەسەڵاتدارانی ناوەند کاتی دەوێت، چونکە رەهەندی هەستیاری مرۆیی و پەیوەندیی بە وڵاتانی بیانییەوە هەیە کە تا ئێستا زۆربەیان ئامادە نین هاووڵاتییە پەڕگیرەکانیان وەربگرنەوە.
کەمپی رۆژ ئێستا وەک دوایین کەمپی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان ماوەتەوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپاوە کەمپی بەناوبانگی هۆل چۆڵکرا و دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە داخرا، هاوکات لە مانگی شوباتی رابردووشدا ئەمریکا زیاتر لە 5 هەزار و 700 زیندانیی داعشی لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەوە بۆ عێراق گواستەوە.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە دوای هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە مانگی ئابدا لەلایەن مەزڵووم عەبدی و دەستبەکاربوونی وەک راوێژکاری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی وڵات بە فەرمی دەستی پێکردووە.