زانکۆی ئیلام بە فەرمی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی دەکاتەوە
وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیای ئێران مۆڵەتی فەرمیی بە زانکۆی ئیلام دا بۆ کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی، بەمەش دەبێتە دووەم زانکۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە شێوەیەکی فەرمی پێشوازی لە قوتابییانی ئەم بەشە بکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی، بەشەکە بە کۆدی (11759) لە دەفتەرچەی رێبەری وەرگرتنی قوتابییانی زانکۆکانی ئێران دیاری کراوە و لە یەکەم قۆناغدا، پێشوازی لە 25 قوتابی کچ و کوڕ لە سەرانسەری وڵات دەکات، سەرجەم یەکە فێرکارییەکانی ئەم بەشەش لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای پەرەپێدانی خوێندنی باڵاوە پەسەند کراون و بڕوانامەکەی بە تەواوی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێرانەوە باوەڕپێکراوە.
لە پڕۆگرامی خوێندنی چوار ساڵەی ئەم بەشە ئەکادیمییەدا، گرنگیی بە ئەدەبیاتی کلاسیک و نوێ و تایبەتمەندییە فرەشێوەزارییەکانی زمانی کوردی دەدرێت، لەوانە: (لەکی، هەورامی، فەیلی، کەلهوڕی، زەنگەنە، کرمانجی و زازاکی)؛ هاوکات زمانی سەرەکیی خوێندن و وانەوتنەوە، کوردیی پێوەری کرمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی) دەبێت.
دوای زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، ئەمە دووەم هەنگاوی لەم شێوەیەیە لەسەر ئاستی زانکۆکانی ئێران بۆ خوێندنی زمانی کوردی. چاودێران و شارەزایانی زمانیش پێشبینی دەکەن کردنەوەی بەشەکە لە ئیلام ببێتە هەوێن و هاندەرێک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆ گەورەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی لە شارەکانی کرماشان و ورمێش بکرێتەوە.