حووسییەکان بە مووشەک هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەکانی سعوودیە

حووسییەکان رایانگەیاند چەند هێرشێکیان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سعوودیە کردووە. هاوکات هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن ئاشکرایکرد، دوو مووشەکیان لە ئاسمانی ریاز و خەمیس موشەی-ت لەناوبردووە.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026 رایگەیاند، مووشەکی بالیستی و درۆنیان ئاراستەی چەند ئامانجێک لەناو خاکی سعوودیە کردووە.

سەریع جەختیکردەوە، ئامانجەکان فڕۆکەخانە و بنکەی سەربازی لە ریاز، ئەبها و خەمیس موشەی-ت، هەروەها چەند کەمپێک لە جازان و عەسیر دەگرێتەوە.

سەریع روونیکردەوە، هێزەکانیان فڕۆکەیەکی سیخوڕیی چەکداری لە جۆری سی ئێچ-4ـیان لە ئاسمانی پارێزگای جەوف خستووەتە خوارەوە. ئەو گوتەبێژە گوتیشی؛ هێرشەکان ئامانجەکانیان پێکاوە و بوونەتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆ لە فڕۆکەخانەی ئەبها و زیان پێگەیاندن بە بنکەی خەمیس موشەی-ت، لەگەڵ کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک کەس و سووتانی جبەخانەی چەک. ئەم بانگەشانە لەلایەن هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکان ئاراستەی خەمیس موشەی-تیان کردبوو، لەناوبردووە. هاوپەیمانییەکە رایگەیاند، مووشەکێکی دیکەیان لە باکووری ریاز پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی پێکاوە.

هاوپەیمانییەکە دووپاتیکردەوە، سەنعا و هەردوو پارێزگای سەعدە و عومران سەرچاوەی سەرەکیی هەڕەشە مووشەکییەکانی حووسییەکانن بۆ سەر خاکی سعوودیە. جەختیشی کردەوە، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ لەناوبردنی ئەو هەڕەشانە و تێکشکاندنی سەکۆکانی هاویشتنی مووشەک و سیستەمەکانی کارپێکردنیان.