رووسیا بە مووشەک هێرشی کردە سەر کیێڤ
بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی رووسیا بۆ سەر کیێڤ، دوو کەس گیانیان لەدەستدا. ئەم هێرشە لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشە بەردەوامەکانی رووسیا دێت کە زیانی بە چەندین باڵەخانە و کۆگای کیێڤ گەیاندووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە تێلیگرام رایگەیاند، "تەرمی دوو قوربانییەکە دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرێک دۆزراونەتەوە، کە بەهۆی هێرشەکەوە لە گەراجێکی ئۆتۆمبێل کەوتووەتەوە."
بەرپرسانی ناوچەیی لە تێلیگرام بڵاویانکردەوە، هێرشە ئاسمانییەکان زیانیان بە دامەزراوەیەکی پیشەسازی لە دنیبرۆ لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا گەیاندووە. هاوکات ژێرخانی گواستنەوە لە زابۆرۆژیا و ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە کرێمینچوک زیانیان بەرکەوتووە.
کیێڤ بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەبێتەوە. دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا مۆسکۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیک ژێرخانی وڵاتەکەیان دەکاتە ئامانج. لە ماوەی رابردوودا هێرشەکان دوو پردی سەرەکیی پایتەختیان کردە ئامانج.
سێشەممەی رابردوو کۆمپانیای نیشتمانیی کارەبای ئۆکرانیا، بەهۆی ئەو هێرشانەی ژێرخانی وزەیان کردووەتە ئامانج، سنووردارکردنی بەکارهێنانی کارەبای راگەیاند. ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە کاتێکدان وەرزی زستان نزیک دەبێتەوە و نیگەرانییەکی زۆر لە ئۆکرانیا هەیە سەبارەت بە چڕکردنەوەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزە و دامەزراوە ستراتیژییەکان.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوە لە کیێڤ بیسترا، ئەو رووداوە هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی هۆشداریی ئاسمانیی سوپای ئۆکرانیا سەبارەت بە مەترسیی مووشەکی بالیستی.
تەقینەوەکان چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە روویاندا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداریی دابوو لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی پایتەخت بە هێرشێکی بەرفراوانی رووسیا.
ئەم پێشهاتانە نیگەرانیی ئۆکرانیای لەبارەی چڕکردنەوەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی وڵاتەکە زیاتر کردووە.