دی نیرۆ، ترەمپ بە شاردنەوەی بەڵگەنامەکانی ئێپستین تۆمەتبار دەکات
رۆبێرت دی نیرۆ، ئەکتەری ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی هۆکاری سەرەکییە لە رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی دۆسیەی جێفری ئێپستین، ملیاردێری ئەمریکی، کە بە تاوانی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ دادگایی کرابوو. دی نیرۆ، ترەمپی بە گەورەترین پارێزەری ئەو کەسە ناوبرد کە بە دڕندە وەسفی کرد و داوای لێکرد ئەو بەڵگەنامانە ئاشکرا بکات کە هێشتا جێگەی مشتومڕن.
رۆژنامەی تەلەگراف لە دی نیرۆوە گواستییەوە، دوێنێ لە چالاکییەکدا لە نیویۆرک رایگەیاند، بڵاونەکردنەوەی بەشە ماوەکەی فایلەکانی ئێپستین جۆرێکی تایبەتی شەڕانگێزییە. دی نیرۆ لە کاتی قسەکانیدا رووی کردە قوربانییان و ئەو ژنانەی لە دەست ئێپستین رزگاریان بووە و ستایشی ئازایەتییانی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی ئەوەی بە تاوانەکانی ئێپستینی دڕندە، گەورەترین پارێزەرەکەی و کۆمارییەکانی ناو ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس ناوی برد.
ئەو ئەکتەرەی خاوەنی خەڵاتی ئۆسکارە، لەبەردەم ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە واشنتن سکوێر پارک دەرکەوت، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بە ناوی "دۆناڵد جی ترەمپ و جێفری ئێپستین" نمایش کرا، کە کۆپیی کاخەزیی ئەو فایلانەی لەخۆگرتبوو کە تا ئێستا وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاوی کردوونەتەوە. دی نیرۆ رایگەیاند، تەنیا یەک کەس لە بەردەم بڵاوکردنەوەی بەشە ماوەکەی فایلەکاندا وەستاوە، بە ئاماژەدان بە ترەمپ، جەختیشی کردەوە، پێویستە ترەمپ ئەو راستییانە ئاشکرا بکات کە دەیانشارێتەوە. بەگوێرەی تەلەگراف، ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراونەتەوە، 38 هەزار ئاماژەیان بۆ ترەمپ، خێزانەکەی و یانەی مارالاجۆی تایبەت بە خۆی لە فلۆریدا تێدایە.
بارهەڵگرەکە نزیکەی 440 بەرگ هەڵدەگرێت، هەر یەکێکیان نزیکەی 800 پەڕەیە و کێشی گشتییان زیاتر لە 1,100 کیلۆگرامە. ئۆتۆمبێلەکە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەگەڕێت بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر ئیدارەکە تا نزیکەی سێ ملیۆن فایل بڵاو بکەنەوە کە هێشتا ئاشکرا نەکراون.
تەلەگراف بڵاویکردەوە، ترەمپ و ئێپستین پێشتر دۆست بوون و دواتر پەیوەندییەکەیان تێکچوو. ترەمپ رەت ناکاتەوە لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە سێکس یان دەستدرێژیکردنە سەر کچانی هەرزەکار ئاگادار بووبێت. ئێپستین لە ساڵی 2019 لە زیندانێک لە مانهاتن لە کاتێکدا چاوەڕێی دادگایی بوو گیانی لەدەستدا، لە رووداوێکدا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە خۆکوشتن بووە.
ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی بەردەوامی دیموکراتەکان و هەندێک لە رزگاربووان دەبێتەوە کە تۆمەتباری دەکەن بە رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی فایلەکان، ئەویش ئەوە رەت دەکاتەوە. دان گۆڵدمان، ئەندامی دیموکراتی کۆنگرێس، ئەو بڕیارەی بە پیلانێکی گەورە وەسف کرد و ترەمپی تۆمەتبار کرد بە درۆکردن لەبارەی پەیوەندییەکەی بە ئێپستینەوە. ئەو تۆمەتانە لە کاتێکدایە مشتومڕ لەبارەی فایلەکان بەردەوامە و بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە ناو ئەو بنکەیەی کۆمارییەکان کە پشتیوانی لە ترەمپ دەکەن.