هەوڵ دەدرێت بڕیاری سەرکەوتنی نەورۆز بەرامبەر تەڵەبە هەڵبوەشێتەوە
کار بۆ قورسکردنی سزای هاندەرانی یانەی هەولێر دەکرێت
لەژێر فشارێکی زۆری سیاسی و مەزهەبی هەوڵدەدرێت بڕیاری سەرکەوتنی نەورۆز بەرامبەر تەڵەبە هەڵبوەشێەوە و یانە کوردستانییەکەی سلێمانی بە دۆڕاو هەژمار بکرێت، تەنانەت کار بۆ ئەوەش دەکرێت سزایەکەی یانەی هەولێر لەجیاتی کەمکردنەوە قورستر بکرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، سەرۆکی لێژنەی تێهەڵچونەوە بە سزایەکان دەیەوێت بە بڕیارێکی تاکرەویی خۆی، نەورۆز بە دۆراو دابنێت.
لە لایەکی دیکەشەوە یانەی هەولێر سەرەڕای ئەوەی تانەی لە بڕیاری سزایە قورسەکەی داوە کە تێیدا هاندەرانی یانەکە لە سێ یاریی داهاتوو بەرامبەر یانەکانی موسڵ، گازی باکوور و غەراف لە ئامادەبوونی هاندەرانی بێبەش دەبێت، بەڵام هەوڵێک هەیە سزای یانەکە قورستر بکرێت، پێشنیازی ئەوە کراوە سزای هاندەرانی یانەی هەولێر بۆ چوار یاری زیاد بکرێت، ئەم پێشنیازەش بەهۆی دەستێوەردانی سیاسی و مەزهەبییە و دەیانەوێت هەولێر رازی بکەن بە سزایەکەی خۆی مەمنوون بێت و بیر لە کەمکردنەوەی سزایەکەی نەکاتەوە.
کوردستان24 زانیاری دەستکەوتووە، سەرۆکی لێژنەی تێهەڵچوونەوە بە تاکڕەوی بڕیاری سەرکەوتنی تەڵەبەی داوە، بەڵام کوردەکانی نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و لێژنەکان، رێگریان لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کردووە، بە هۆکاری ئەوەی لەسەر نووسراوەکە تەنیا واژۆی سەرۆک و ئەندامێکی لەسەر بووە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، بەپێی یاسا هیچ نووسراوێک کاری پێناکرێت ئەگەر سەرووی 50%ـی ئەندامان دەنگی بۆ نەدەن، لە کۆی پێنج ئەندام تەنیا دوو کەس دانگیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرکەوتنەکەی نەورۆز داوە و 3 ئەندامەکەی دیکە کە یەکێکیان کوردە و جێگری سەرۆکی لێژنەکەیە رەتی کردووەتەوە و بڕیارەکەی پـێـڕاگرتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەژێر فشارێکی گەورەی سیاسی دایە و لە هەموولایەکەوە لێژنەکان کەوتوونەتە ژێر دەستێوەردان و پاڵەپەستۆیەکی گەورە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی قورس دەکات و تێیدا چەندان بڕیار دەدات، چاوەڕێ دەکرێت ئەم بڕیارانە چارەنووسی تۆپی پێی خولەکانی عێراق یەکلایی بکاتەوە، ئەم بڕیارانە دەبێتە پێوەر ئایا فیدرسیۆنەکە بەتەواوەتی کۆنترۆڵی خۆی لەدەست داوە یان بەوپەڕی بوێرییەوە بەرەنگاری فشارەکان دەبێتەوە.