رۆیتەرز: ئێران 200 ملیۆن دۆلاری گەیاندووەتە دەست حزبوڵڵا
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، گرووپی حزبوڵڵای لوبنان لە مانگی رابردوودا بڕی 200 ملیۆن دۆلاری لە تارانەوە پێگەیشتووە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی جەنگی ئەمساڵی لەگەڵ ئیسرائیل؛ ئەم هاوکارییە داراییەش سەرەڕای توندبوونەوەی گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا گەیشتووەتە بەیرووت.
چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، پارەکە لە مانگی ئەیلوولدا لە ئێرانەوە گەیشتووەتە دەست حزبوڵڵا، لە کاتێکدا گواستنەوەی پارە بۆ لوبنان بەهۆی چاودێریی توندی دارایی ئەمریکاوە لەوپەڕی سەختیدایە. سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەو دەڵاڵ و نووسینگانەی پارەکەیان حەواڵە کردووە، رێژەی 20%ـی بڕی پارەکەیان وەک قەرەبوو وەرگرتووە (کە چوار هێندەی کرێی ئاساییە) بەهۆی ئەو مەترسییە گەورەیەی لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپە هەیە.
بەرپرسێکی حزبوڵڵا لە وەڵامی رۆیتەرزدا پشتڕاستی کردەوە کە بڕە پارەیەکی پێویست دابین کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا پلانی دابەشکردنی رادەگەیەنرێت، بەبێ ئەوەی سەرچاوەی پارەکە ئاشکرا بکات. بەپێی پلانەکە، حزبوڵڵا بڕی 3 هەزار دۆلار وەک قۆناخی یەکەم دەداتە هەر خێزانێکی لێقەوماو، بەتایبەت ئەو 50 هەزار خێزانەی کە گوند و ماڵەکانیان لە باشووری لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بە تەواوی خاپوور کراون.
گەیاندنی ئەم پارەیە لە کاتێکدایە کە کەناڵە داراییەکانی حزبوڵڵا لە دوبەی و عێراق تووشی ئیفلیجی بوون و لە تورکیاش لەژێر چاودێریی تونددان. سەرەڕای ئەوەی دۆخی ئابووریی ناوخۆی ئێران لە داڕمانی بەردەوامدایە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، تاران لە 10مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا بڕی یەک ملیار دۆلاری بۆ حزبوڵڵا رەوانە کردبوو.
جەنگی ئەمساڵ، کە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بەهۆی بەشداریکردنی حزبوڵڵا لە ململانێی هەرێمیی پشتیوانی لە ئێران دەستی پێکرد، زەرەرێکی گەورەی بە پێگەی جەماوەری و سەربازیی ئەو گرووپە گەیاندووە؛ بەپێی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان زیاتر لە 4 هەزار و 300 کەس کوژراون و نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنانیش تێچووی ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکانی جەنگی بە زیاتر لە 27 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.