تورکیا لە ماوەی 60 رۆژدا بنکەی سەربازیی باشیک رادەستی هێزەکانی عێراق دەکات
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند: دوای سەپاندنی دەسەڵاتی بەغدا لە شنگال، هێزەکانی تورکیا لە ماوەی 60 رۆژدا بە شێوەیەکی پلەبەندی بنکەی سەربازیی باشیک-زێلکان رادەستی سوپای عێراق دەکەنەوە.
چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کۆمەڵێک زانیاریی گرنگی سەبارەت بە پرۆسەی "ئاشتی"، دۆسیەی شنگال و باشیک و، داهاتووی بەشداریی سیاسیی کورد لە سووریا خستەڕوو.
گوتەبێژی ئاکپارتی، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی لە سووریا وەک یەکەمین دەستکەوتی گەورەی پرۆسەکە لە قەڵەم دا و، سەبارەت بە رەهەندی عێراقیش ئاشکرای کرد: "دەستکەوتی دووەم بریتییە لە لێدوان و هەڵوێستەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ بە رادەستکردنی چەکەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بە دەسەڵاتی ناوەندی، قۆناخێکی نوێ دەست پێدەکات و چیای شنگال بە تەواوەتی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقەوە".
چەلیک، خشتەی کاتیی رادەستکردنەوەی بنکەی باشیکی ئاشکرا کرد و گوتی: "دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی تەواوی خۆی لە شنگال سەپاند، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 60 رۆژدا بنکەی سەربازیی باشیک-زێلکان لە لایەن تورکیاوە بە شێوەیەکی پلەبەندی رادەستی هێزەکانی عێراق بکرێتەوە. ئەم پێشهاتانەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نێوان تورکیا و عێراق و ئامانجی بونیاتنانی ناوچەیەکی بێ تیرۆردا جێبەجێ دەکرێن".
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی سووریا، گوتەبێژی ئاکپارتی، جەختی لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر هەر هەوڵێکی جیابوونەوە کردەوە و ڕایگەیاند: پاش هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، لەسەر بنەمای یەک دەوڵەت، یەک سەروەری و یەک سوپای نیشتمانی، پێشینەی کارەکانمان ئەوەیە کە سووریا بەهێزەوە بەرەو ئاییندە هەنگاو بنێت؛ بەڵام پێویستە میکانیزمەکانی دەسەڵات لە رێگەی مۆدێلی حکوومەتی گشتگیرەوە جێبەجێ بکرێن؛ واتا کورد، تورکمان، عەرەب، عەلەوی، سوننە، درووز، ئێزدی و کریستیانەکان، هەمووان خۆیان وەک بەشێکی یەکسانی سیستەمەکە ببیننەوە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە پەرلەمان و ناوەندەکانی بڕیارداندا جێگەیان بێتەوە، ئەمەش مەرجێکی حەتمییە.
لە بارەی ئەگەری سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ سووریا، عومەر چەلیک روونی کردەوە، سەرۆککۆمار ئارەزووی سەردانیکردنی دیمەشقی هەیە؛ ئەم بابەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سووری لە قۆناخی تاوتوێکردندایە و کارەکانی بەردەوامن، بەڵام هێشتا وادەکەی بە دیاریکراوی یەکلا نەبووەتەوە.