روبیۆ: ئەوروپا دەبێت لە خەوی قووڵ بێداربێتەوە
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد لە خەوی قووڵی چەندین ساڵەیان بێدارببنەوە و دەست بە بەهێزکردنەوەی پیشەسازی و هێزی سەربازیی خۆیان بکەن؛ هاوکات رایگەیاند، سەردەمی شەرمکردن لە مێژوو، واڵاکردنی سنوورەکان و پشتبەستن بە بیرۆکراسیی جیهانی کۆتایی هاتووە و ئیدارەی ترەمپ بژاردەی باڵادەستیی نیشتمانیی هەڵبژاردووە.
چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە گوتارێکدا لە شوێنی مێژوویی ئەکرۆپۆلیس لە ئەسینا، بە فەرمی تێڕوانینی ستراتیژی و فەلسەفیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بۆ داهاتووی شارستانیەتی رۆژئاوا و هاوپەیمانیی ئەتڵەسی خستەڕوو.
روبیۆ رایگەیاند، کۆشکی سپی کار بۆ گێڕانەوەی چەمکی رەسەنی دەوڵەتمەداری و بەها کلاسیکییەکانی سیاسەت دەکات و گوتی: باوەڕمان وایە ئەوروپا دەتوانێت لەم خەوە درێژخایەنەی بێداربێتەوە و ئەو مەشخەڵە داگیرسێنێتەوە کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەم خاکەوە هەڵکرا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئەوروپا دەستیان پێکردووە لەوانە بەرزبوونەوەی خەرجیی بەرگری و پەرەپێدانی پیشەسازیی سەربازی دوای لووتکەی لاهای، و یۆنانی بە هاوپەیمانێکی نموونەیی بۆ تەواوی ئەوروپا و ئەمریکا ناوبرد لە بوارەکانی ئاسایشی سنوور، بەرەنگاربوونەوەی کۆچی بەکۆمەڵ، وزە و بەرگری.
روبیۆ رەخنەی توندی لە سیاسەتی چەند دەیەی رابردووی وڵاتانی رۆژئاوا گرت و ئاماژەی بەوە کرد، بێمتمانەیی بە مێژوو و شوناسی نەتەوەیی، زیانی گەورەی لە رۆژئاوا داوە، و گوتی: بۆ ماوەیەکی زۆر لە رۆژئاوا وا لە خەڵک کرا شەرم لەو دەستکەوتانە بکەن کە لە جیهاندا جیایان دەکردەوە؛ وشەی نیشتمانپەروەری وەک عەیبە تەماشا کرا، مۆنۆمێنتەکانمان رووخاند و مێژووی خۆمان شەرمەزار کرد. لەو پرۆسەیەشدا سنوورەکانمان واڵا کرد، پیشەسازییەکانمان رادەستی دەرەوە کرد، و رێگەمان دا هێزە سەربازییەکانمان لاواز و بێکاریگەر بن و بڕیارە نیشتمانییەکانمان بۆ دامەزراوە بیرۆکراتییە جیهانییەکان گواستەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، جیهان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە کە چارەنووسی سەدەی داهاتوو دیاری دەکات، و گوتی: ئێمە لەبەردەم دووڕیانێکداین: یان ئەوەتا دەبێت ئێستا هەنگاو بنێین، یان مافی بڕیاردان لە دەست دەدەین. لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپدا، ئەمریکا بژاردەی خۆی یەکلا کردووەتەوە؛ ئێمە بژاردەی بەهێزکردنی بێشەرمانەی دەسەڵاتی نیشتمانی، گێڕانەوەی کۆنترۆڵی هێڵەکانی دابینکردن، بەپیشەسازیکردنەوەی ئابووری، و بنیاتنانەوەی هێزی سەربازیمان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا بە باڵادەستی بمێنینەوە».