هێرشەکانی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز ژمارەی پێوانەیییان تۆمار کرد

بەپێی داتاکانی سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکان، هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز لە هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران؛ بە جۆرێک تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا لانیکەم 12 هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی نەوت و گازی شل ئەنجامدراون.

چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئەمنیی دەریاییەوە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی نێوان 28ـی ئەیلوول تا 5ـی تشرینی یەکەم، لانیکەم 12 هێرش و پەلاماری جیاواز بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییەکانی گواستنەوەی گازی شلکراو (LNG و LPG) لە گەرووی هورمزدا تۆمار کراون، کە ئەمەش بەرزترین رێژەی پەلامارە لە یەک هەفتەدا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە.

هاوکات داتاکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (IMO) دەریخستووە کە لە هەمان ماوەدا 9 رووداوی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بە فەرمی پشتڕاستکراونەتەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە بەراورد بە مانگی تەممووزی رابردوو کە 8 رووداو تۆمار کرابوون.

ناوەندی هاوبەشی زانیاریی دەریایی (JMIC) بە سەرۆکایەتیی هێزی دەریایی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سوپای پاسدارانی ئێران بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرش، رەوانەکردنی درۆنی چاودێری و هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە رێگەی بێتەلەوە، بە مەبەستی سەپاندنی هەژموونی خۆی و دروستکردنی گوشار لەسەر هێڵە سەرەکییەکانی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا.

ئەم هەڵکشانە توندەی هێرشەکان لە کاتێکدایە کە وڵاتانی بەرهەمهێنەری کەنداو هەناردەی نەوتی خۆیان لە نیوەی دووەمی مانگی رابردوودا بۆ ئاستی پێش جەنگ بەرزکردووەتەوە. لە یەکێک لە مەترسیدارترین هێرشەکانی ئەم دواییەشدا، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان پشتڕاستی کردەوە کە 12 کەشتیوانی هیندی بریندار بوون، دوای ئەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەیان بە ناوی (On Peace) لە کاتی پەڕینەوەی لە گەرووی هورمز کراوەتە ئامانج.