هێزەکانی ناوخۆی سووریا لە قامشلۆ و حەسەکە بڵاوەیان پێکراوە
لە چوارچێوەی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە جلوبەرگی فەرمیی نوێ، لۆگۆ و ئۆتۆمبێلی نوێی پۆلیسەوە لە سەرانسەری رێگەی نێودەوڵەتیی M4 و دەروازەکانی قامشلۆ و حەسەکە جێگیر کران.
لەسەر رێگەی نێودەوڵەتیی M4 لە دەروازەی شاری قامشلۆ، قۆناخێکی نوێی یەکخستنی دامەزراوە ئەمنییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو چوارچێوەیەدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە پێشتر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوون، دوای تێکەڵبوونیان بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بە فۆڕم و ناسنامەیەکی فەرمیی نوێوە دەستیان بە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان کردووە.
هێزەکان بە جلوبەرگی سەوزی تایبەت بە پۆلیسی ناوخۆ و بە ئۆتۆمبێلی مۆدێرنی دەوریە کە لۆگۆ و هێمای نوێی دەوڵەتی سووریای لەسەرە، بە درێژایی رێگەی ستراتیجیی M4 بڵاوەیان پێکراوە؛ ناوچەی جێگیربوونەکە لە تل تەمرەوە دەستپێدەکات بەرەو قامشلۆ، عاموودا، مەفرەقی حەتین، و دواتر بەرەو تربەسپی، چڵاغا تا دەگاتە دەروازەی تەل کۆچەر لەسەر سنووری عێراق.
خاڵەکانی پشکنین و کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆ ئێستا بە شێوەیەکی هاوبەش و یەکگرتوو بەڕێوەدەبرێن، و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرجەم یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە تەواوی پارێزگای حەسەکەدا بە هەمان شێواز و جلوبەرگی نوێوە کارەکانیان رێکبخەنەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە چەند مانگی رابردوودا بەپێی رێککەوتننامەی نێوان لایەنە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق، بڕیار لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان درا بۆ ئەوەی لە سەرانسەری وڵاتدا یەک سیستمی یەکگرتووی ئەمنی بەرپرسیار بێت لە پاراستنی سەقامگیری و هێڵەکانی هاتوچۆ.