هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی ئەبهای سعوودیە و کوژراو و بریندار هەیە

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە رایگەیاند، لە ئەنجامی دوو هێرش بۆ سەر هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها و شا خالید، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 36 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عەرەبستانی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (6 و 7ـی تشرینی یەکەمی 2026)، بەشێک لە دامەزراوەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی «ئەبها» و «شا خالید» کراونەتە ئامانجی دوو پەلامار، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی پلانەکان مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، زیانە گیانییەکانی هێرشەکان بەم شێوەیە بوون:

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها: بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس کە دانیشتووی وڵاتەکەن و هەڵگری رەگەزنامەی مەغریبی و جەزائیری بوون، هاوکات 28 کەسی دیکە بریندار بوون کە پێکهاتوون لە هاووڵاتییانی سعوودیە و دوو بیانیی خاوەن ڕەگەزنامەی بەنگلادیشی و فلیپینی، برینی بەشێکیشیان سەختە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید: بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێکی نیشتەجێی بە ڕەگەز سوودانی، هەروەها هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون (پێنج هاووڵاتیی سعوودی، دوو کەسی خاوەن رەگەزنامەی میسری و کەسێکی خاوەن رەگەزنامەی پاکستانی).
دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم بریندارەکان بە خێرایی بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست، هاوکات هێرشەکان زیانی ماددییان لێ کەوتووەتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە دەستەکە بە هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان کار دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەکان و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بە مەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و کارمەندان و مسۆگەرکردنی ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانی شانشینەکە.