ترەمپ: رووسیا لە بارەی رووداوەکەی تاعوون زانیاریی زۆر ئاشکرا ناکات

"ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونی پووتینە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی  ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی  ئەمریکا

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: رووسیا لە بارەی رووداوی گیانلەدەستدان بە پەتای تاعوون زانیاریی پێویست ئاشکرا ناکات و بە هەمان شێوازی مامەڵەی چین لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەڵسوکەوت دەکات. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بەدواداچوون بۆ راستیی رەوشەکە دەکات.

چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی  ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لە کۆشکی سپی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کەسێک بە تاعوون لە رووسیا، روونی کردەوە کە ئەو پێیوانییە ئەم رووداوە پەیوەندیی بە پەرەپێدانی چەکی بایۆلۆجییەوە هەبێت و دەشڵێت: "رووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دۆخەکە سەبارەت بە تاعوون لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، ئێمەش سەرقاڵی پشتڕاستکردنەوە و لێکۆڵینەوەین لەسەر ئەم بابەتە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا دەکات، چونکە ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونی ڤلادیمیر پووتینە.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوای گیانلەدەستدانی کارمەندێکی تاقیگە لە پەیمانگەیەکی تایبەتمەند بە لێکۆڵینەوە لە نەخۆشیی تاعوون لە رووسیا، شەپۆلێکی نیگەرانی لەسەر ئاستی جیهان سەری هەڵداوە و داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ شەفافیەتی زیاتر لەسەر رووداوەکە روویان لە زیادبوون کردووە.

دواتر ترەمپ هاتە دەرەوەی کۆشکی سپی، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا لە بارەی ئێرانەوە گوتی: ململانێ لەگەڵ ئێران بەم زووانە و بە هەر شێوازێک بێت کۆتایی دێت، هەروەها ئەو وڵاتە لە دۆخێکی سەختدایە و هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.