رۆیتەرز: سووریا تاوتوێی پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بە سعوودیە دەکات
"دیمەشق و ریاز لە هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازیدان دژ بە حووسییەکان"
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد، حکوومەتی سووریا بە شێوەیەکی جیددی تاوتوێی پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بە سعوودیە دەکات لە شەڕی دژ بە حووسییەکان لە یەمەن، کە بژاردەکان لە هاوکاریی بەرگرییەوە دەستپێدەکەن تا دەگاتە ئەگەری بڵاوەپێکردنی هێزی شەڕکەر بۆ ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری.
چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و بەرپرسیکی سەربازیی سووریاوە، بڵاوی کردەوە، کە سووریا بە شێوازێکی جیددی لێکۆڵینەوە لە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بە سعوودیە دەکات، لە سایەی هەڵکشانی شەڕ و پێکدادانەکان دژ بە چەکدارانی حووسی لە یەمەن.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، ئەو بژاردانەی ئێستا لە لایەن دیمەشقەوە تاوتوێ دەکرێن، پێشکەشکردنی هاوکاریی بەرگری یان بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی دەگرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی هێرشبەری بە مەبەستی یارمەتیدانی ئەو هێزە یەمەنییانەی کە لەلایەن سعوودیەوە پاڵپشتی دەکرێن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە ئەو گفتوگۆ باڵایانەی لەم دواییانەدا لە ریاز لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە بەڕێوەچوون، بە شێوەیەکی راستەوخۆ تیشکیان خستووەتە سەر ئەگەری پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی لە لایەن سووریاوە بۆ بەرەی سعوودیە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە گۆڕەپانی یەمەن شایەتی ئاڵۆزبوون و پەرەسەندنێکی سەربازیی دوولایەنەیە؛ بە جۆرێک چەکدارانی حوەسی شەوی سێشەممە رایانگەیاندبوو: کە فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لە ماوەی 24 کاتژمێردا 66 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەکانیان لە پارێزگاکانی جەوف، تەعز، مەئریب، حودەیدە، حەججە و سەعدە ئەنجامداوە، هاوکات حووسییەکانیش بە فەرمی بەئامانجگرتنی دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەنیان راگەیاند.
ململانێی سەربازی لە یەمەن لە ساڵی 2022ـدا و هاوتەریب لەگەڵ ئاساییبوونەوە و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران پێی نایە قۆناخێکی ئارامیی رێژەیییەوە؛ بەڵام لە مانگی تەممووزی رابردووەوە جارێکی دیکە پێکدادانەکان سەریان هەڵدایەوە، دوای ئەوەی حووسییەکان ریازیان تۆمەتبار کرد بە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا بە مەبەستی رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لەو فڕۆکەخانەیەدا.