ئەکسیۆس: پێنتاگۆن خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، پێنتاگۆن چەند رۆژێک لەمەوبەر راسپاردەی داوەتە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا تا ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکان لە ئێران تەواو بکات.
ئەو راسپاردانە هیچ وادەیەکی دیاریکراویان بۆ هێرشەکان تێدا نەبووە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەو بارەیەوە نەداوە. سەرچاوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، رەنگە ئەم هەنگاوە بەر لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا و پێدەچێت بەر لە هەڵبژاردنی ئیسرائیل بە هەفتەیەک ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەکان دەڵێن، لە ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان، چاوەڕوان دەکرێت بۆردومانی چڕی ئامانجەکانی ئێران بکرێت، کە پەیوەندییان بە کەرتی وزە، ژێرخانی ئابووری و بەرنامەی ئەتۆمییەوە هەیە. دەستپێکردنی جەنگ لە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتەی داهاتوودا رەنگە کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا هەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو هەنگاوە.
بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە ئەکسیۆسی راگەیاند، ئەرکی وەزارەتەکەیان ئامادەکردن و پێشکەشکردنی بژاردە سەربازییەکانە بە سەرۆک. بەرپرسێکی کۆشکی سپی گوتی: "هەموو بژاردەکان لە هەر کاتێکدا لەبەردەم ترەمپدا ئامادەن."
ئەو بەرپرسە گوتیشی: ئەمریکا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و داڕمانی ئابووریی ئێران، خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە. ئێران زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و دۆخەکە بە یەکێک لە دوو رێڕەوەکەدا دەڕوات، یان رێڕەوی ئاسان یان رێڕەوی سەخت. ترەمپ هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە و باشترین بڕیار بۆ ئابووریی وڵاتەکە دەدات.
گۆڤاری ئەتلانتیک چوارشەممەی رابردوو بڵاویکردەوە، ترەمپ تاوتوێی لێدانی ئێران دەکات بەر لە هەڵبژاردنی نیوەی خول. دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینیوە، چونکە نێوەندگیرە قەتەرییەکان هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ئێرانن بۆ پێشنیازێکی ئەمریکا، کە داوای تێدا کراوە ئێران دەستبەرداری هەندێک لە داواکارییە ئەتۆمییەکانی ببێت.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، قسەوباسەکان لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکان لە ئێران زیادیکردووە. ئەگەرچی ئەگەری روودانی ئەمە بەر لە هەڵبژاردنەکان زۆر نییە، بەڵام بەدووری ناخەنەوە. دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولیش، ئەگەری روودانی ئەم کارە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
چوارشەممەی رابردوو، ترەمپ گفتوگۆیەکی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد.