سوپای یەمەن: زیاتر لە 2 هەزار ئۆپەراسیۆن دژی حووسییەکان کراوە

هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، 2103 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی پێگە و ئامانجەکانی حووسییەکان کردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە سەرجەم میحوەر و بەرەکانی جەنگ و لە چوارچێوەی پرۆسەی "بەیانی یەمەن" بەڕێوەچوون.

ماجید نەزیلی، گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە: "لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 1860 چەکداری حووسی لە چالاکی خراون و سەدان پارچە چەک، کەرەستەی سەربازی و پێگەی ئەو گرووپە وێران کراون".

نەزیلی روونیکردەوە، هێزە چەکدارەکان جووڵە، قەڵا، سەنگەر، هێڵەکانی گواستنەوەی هاوکاری و پێگە سەربازییەکانی حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج.

هێزەکانی حکوومەتی یەمەن بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکانیان لە چوارچێوەی پرۆسەی "بەیانی یەمەن" کە دووشەممەی رابردوو دەستی پێکرد. ئامانجی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە کۆنترۆڵکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، رزگارکردنی سەنعا و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حووسییەکانە.

هێزەکانی حکوومەت پێشکەوتنی بەرچاویان لە بابولمەندەب و زوباب بەدەستهێناوە و لە بەرەکانی مەئریب و حەجە دەستیان بە جووڵەی سەربازی کردووە. ئەم پێشڕەوییانە هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتێکی چڕی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان، کە سەنعای وەک ئامانجێکی سەرەکیی پرۆسەکە دیاری کردووە.