زیانە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران 3.3 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
راپۆرتێکی نوێی خزمەتگوزاریی توێژینەوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە ماوەی حەوت مانگی رابردووی دەستپێکی پێکدادانەکان لەگەڵ ئێراندا، 81 فڕۆکە و هەلیکۆپتەر و درۆنی ئەمریکی تێکشکاون یان زیانیان بەرکەوتووە، کە تێچووی دارایی ئەو زیانانە بە 3.3 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
ئەو راپۆرتە کە لەم مانگەدا نوێکراوەتەوە، روونیکردەوە، لەگەڵ گەیشتنی زانیاریی زیاتر، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کەرەستە سەربازییانەی زیانیان بەرکەوتووە هەیە. بۆ ئەم مەبەستە، پشت بە داتاکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پشکنەری گشتیی سەربازی و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان بەستراوە.
بەگوێرەی تۆمارەکان کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، زۆرترین زیان بەر درۆنی جۆری "ئێم کیو-9 رێبەر" کەوتووە، بە جۆرێک 45 فڕۆکە لەو جۆرە لەدەستچوون.
لە ریزبەندیی زیانە سەربازییەکاندا، جۆرەکانی دیکەش تۆمارکراون:
12 فڕۆکە لە جۆری ئێف-15 ئی سترایک ئیغڵ کە سێ دانەیان لە ئاداری رابردوودا بەهۆی تەقەی دۆستانە لە ئاسمانی کوەیت تێکشکاون، 1 فڕۆکە لە جۆری ئێف-35 ئی لایتنینگ 2، دوو فڕۆکە لە جۆری ئەی-10 ثاندەربۆڵت2، هەروا 7 فڕۆکە لە جۆری کەی سی-135 تایبەت بە سووتەمەنیپێدان لە ئاسمان، لەگەڵ 1 فڕۆکە لە جۆری "ئی-3 سەنتەری" تایبەت بە چاودێری و ئاگادارکردنەوەی ئاسمانی.
ئەو راپۆرتە هۆشداری دەدات لەبارەی ئەو فشارە گەورەیەی لەسەر بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا دروستبووە و گومانیشی خستووەتە سەر توانای وەزارەتی بەرگری بۆ قەرەبووکردنەوەی خێرای ئەو کەلوپەلانەی لەدەستچوون.
هاوکات، بەپێی مەزەندەکانی نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس، تێچووی جەنگەکە مانگانە نێوان دوو بۆ سێ ملیار دۆلارە و تێچووی گشتیی جەنگەکەش تا 3ـی ئەیلوول گەیشتووەتە نزیکەی 44 ملیار دۆلار، کە 60%ـی ئەو بڕە پارەیە بۆ کڕینی بۆمب و مووشەک و تەقەمەنی تەرخانکراوە. شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەگەر پێکدادانەکان توندتر ببنەوە، ئەم تێچووانە زیاتر بەرز ببنەوە.
لە بەرامبەر ئەم ئامارانەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا خزمەتگوزاریی توێژینەوەکانی کۆنگرێس دانی بەوەدا نا هێزە چەکدارەکانی ئێران 42 فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکییان تێکشکاندووە و ئێستاش ژمارەکە بۆ 81 فڕۆکە بەرز بووەتەوە.
عێراقچی جەختیکردەوە: "قەبارەی راستەقینەی زیانەکان زۆر لەوە زیاترە". عێراقچی وەک بەڵگەیەک بۆ قسەکانی ئاماژەی بەوە کرد، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رێگە بە هیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا نادات سەردانی ئەو بنکانە بکات کە بانگەشەی ئەوە دەکەن هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.