بەهۆی هێرشی رووسیاوە 28 کەس لە ئۆکرانیا کوژران
بەهۆی زنجیرە هێرشێکی شەوانەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، 28 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئاماری ئاژانسەکانی فریاگوزاری، پێنج لە قوربانییەکان منداڵن و لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە باکووری وڵاتەکە کوژراون.
لە بریلوکی سەر بە پارێزگای چیرنیغیف، کە تەقینەوەکان بوونەتە هۆی تێکشکانی پەنجەرەی باڵەخانەکان، داواکاری گشتی رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بەناو پاشماوەی باڵەخانەیەکدا، کە بەشێکی بەهۆی هێرشێکی مووشەکی رووسیاوە وێران بووە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، سێ لە قوربانییەکانی ئەو هێرشە تەمەنیان کەمتر لە یەک ساڵ بووە و منداڵێکی دیکەش تەمەنی هەشت ساڵ بووە. وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا پشتڕاستیکردەوە، تەرمی منداڵێکی پێنجەم لەژێر پاشماوەکاندا دەرهێنراوە. دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا ئاشکرایانکرد، 20 کەس بەهۆی ئەو هێرشەوە لە بریلوکی کوژراون.
زێلێنسکی روونیکردەوە، هێرشەکان بوونەتە هۆی برینداربوونی دەیان کەس، لەنێویاندا حەوت منداڵ، هاوکات 15 کەسیش رزگارکراون. سەرۆکی ئۆکرانیا رووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی شارەکان و ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دەکاتە ئامانج و رایگەیاند، رووسیا بە ئەنقەست دەیەوێت تیرۆر بڵاو بکاتەوە. زێلێنسکی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەگەری هەیە هێشتا خەڵک لەژێر پاشماوەکاندا مابن.
زێلێنسکی هێرشەکەی بە یەکێک لە دڕندانەترین هێرشەکان وەسفکرد و ئاشکرایکرد، بە گشتی 70 مووشەک، کە ژمارەیەکی زۆریان مووشەکی بالیستی بوون، لەگەڵ ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 12 ناوچەی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج. ئەو گوتیشی، ژێرخانی وزە یەکێک بوو لە ئامانجە سەرەکییەکان.
سەرۆکی ئۆکرانیا، کە داوای سیستمی زیاتری بەرگریی ئاسمانی لە هاوپەیمانەکانی دەکات، رایگەیاند، دوو کەس لە ئۆلێکساندەریا و دوو کەسیش لە کریڤینچوک کوژراون. ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەک کە بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر گەڕەکی دارنیتسکی روویداوە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش لە هێرشەکانی دواتردا کوژراون.
لە ناوچەی خێرسۆن، کە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە، دەسەڵاتدارانی سەر بە مۆسکۆ رایانگەیاند، دوو کەس کە کچێکی هەرزەکار لەنێویاندایە بەهۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کوژراون، هەروەها دوو کەسی دیکەش لە نزیک دۆنێتسک بە هێرشێکی هاوشێوە کوژراون.
ئەم دۆخە لەکاتێکدایە کە وەرزی زستان نزیک دەبێتەوە.