سێنتکۆم رەتیدەکاتەوە گەرووی هورمز داخرابێت
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو هەواڵەی رەتکردەوە، کە لەلایەن بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز بڵاوکرابووەوە، سێنتکۆم جەختیکردەوە، هاتوچۆ لەو گەرووەدا بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکاندایە.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، ئەو لێدوانانەی بە بێبنەما وەسفکرد، کە راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردبوو، گەرووی هورمز داخراوە و ئێران کۆنترۆڵی تەواوەتیی بەسەریدا هەیە.
سێنتکۆم رایگەیاند، کەشتییەکان بەردەوامن لە هاتوچۆکردن لە گەرووەکە و هەڵگری کەلوپەلی بازرگانی و سەرچاوەکانی وزەن، کە لەنێویاندا 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەیە، روونیشیکردەوە، ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکانی بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنی ئەو رێڕەوە ئاوییە.
ئەم رەتکردنەوەیەی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا دێت، کە محەممەد رەزا نەقدی، راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران پێشکەشی کردبوو. نەقدی بە کەناڵی عالەمی ئێرانی گوت "گەرووەکە داخراوە و لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئێران دایە".
محەممەد رەزا نەقدی گوتیشی "ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت تا جێبەجێکردنی داواکارییە رەواکانی ئێران جێبەجێ دەکرێت".