دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی دواخرا

ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی و 12 دەستگیرکراوی دیکەی کەیسی لالەزار لەبەردەم دادگای سلێمانی ئامادە بوون و دوای ئاراستەکردنی تۆمەتەکان، دانیشتنی دادگا بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دواخرا.

پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقیەددین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە کۆنگرەیەکی رۆژنەماوانیدا راگەیاند، هۆکاری دواخستنی دادگاییکردنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە داواکاری گشتی لائیحەی ئامادە نەبووە و تیمی پارێزەرانیش لائیحەیان پێشکەش نەکردووە، بۆیە کەیسەکە بۆ پێنجشەممەی داهاتوو ماوەتەوە.

گوتەبێژی تیمی پارێزەران روونیشی کردەوە، ئەمە دوایین دانیشتنی دادگاییکردن بوو لەم کەیسەدا و ئەوەی ماوەتەوە تەنیا پێشکەشکردنی لائیحەکان و شێوازی ئاراستەکردنی تۆمەتەکانە لەلایەن دادگاوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕوان بوون بە بێ‌تۆمەت دەرنەچێت، هەروەها ئەو تێبینییانەی ئاراستەی دادگایان کردبوو لەلایەن دادوەرەوە خوێندراونەتەوە و تێبینییەکانی دیکەشیان بۆ لائیحەکە هەڵگرتووە.

سەبارەت بە کەیسی مادەی 406، دانا تەقیەددین ئاشکرای کرد کە یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنی ئەو کەیسە بۆ ڕۆژی 28ی تشرینی یەکەم دیاری کراوە و تێیدا 22 کەس دادگایی دەکرێن.

ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەکانی 2ی سلێمانی، حەوتەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و 11 راگیراوەکەی لالەزار بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەچوو و هەموو راگیراوەکان لە بەرامبەر دادگا ئامادە بوون.