سووریا رەتیدەکاتەوە هێز رەوانەی یەمەن بکات

کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع و محەمەد بن سەلمان
کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع و محەمەد بن سەلمان

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سووریا بیر لە ناردنی 10 بۆ 20 هەزار سەرباز بۆ یەمەن دەکاتەوە بۆ پاڵپشتیکردن لە هێزەکانی حکوومەت، سووریاش رەتیدەکاتەوە هێز رەوانەی یەمەن بکاتەوە و بەرەیەکی نوێی جەنگی بکاتەوە، بەڵکو سەرنجی لەسەر ئاودەانکردنەوەی وڵاتەکەیەتی.

لە لایەکی ترەوە، میدیاکانی یەمەن بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویان کردەوە "هێزەکانی قەڵغانی نیشتمانی، لیوای عەمالەقە و هێزە هاوبەشەکان کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر بەرەی کەهبوبدا سەپاندووە"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سعوودیە هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان لە یەمەن لە چەند بەرەیەکەوە چڕ کردووەتەوە، هاوکات هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ریاز لەم بارەیەوە داوای هاوکاریی لە سووریا کردووە.

بەشداریی ئەگەریی سووریا و هەڵوێستی فەرمی
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی و بەرپرسێکی سەربازیی سووریی ئاگادار لەو بابەتە بڵاوی کردووەتەوە، لە ئێستا سووریا بە وردی بیر لە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بۆ هاوپەیمانی سەرەکیی خۆی، واتە سعوودیە دەکاتەوە، لە کاتێکدا شەڕی دژی حووسییەکان لە یەمەن پەرە سەندووە، ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، بژاردەکانی ناردنی هێزی سەربازی بۆ یەمەن، هێشتا لە قۆناخی بیرلێکردنەوەدان کە بریتین لە پێشکەشکردنی هاوکاریی بەرگری بۆ پاراستنی سعوودیە لە هێرشەکان، یان جێگیرکردنی هێزێکی هێرشبەر بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی یەمەن کە لەلایەن سعوودیەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن و شەڕی حووسییەکان دەکەن.

هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، سعوودیە داوای لە سووریا کردووە هێزەکانی بۆ شەڕکردن لەگەڵ حووسییەکان جێگیر بکات، هاوکات ئەکسیۆس بڵاوی کردبووەوە کە سووریا بیر لە ناردنی نێوان 10 بۆ 20 هەزار سەرباز بۆ یەمەن دەکاتەوە بۆ پاڵپشتیکردن لە هێزەکانی حکوومەت، دیمەشق تاوتوێی داواکارییەکەی سعوودیەی دەکات بەڵام هێشتا بڕیاریی کۆتایی نەداوە، هەروەها ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیش لەو گفتوگۆیانە ئاگادار کراوەتەوە کە دژایەتیی جێگیرکردنی هێزەکانی سووریای نەکردووە، لە کاتێکدا راوێژکردن لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە میکانیزمی بەستنی هێزەکان بەردەوام بووە.

لە بەرامبەردا، دیپلۆماتکارێکی سووری باسی لەوە کرد کە سووریا لە پاڵ سعوودیە وەستاوە لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی حووسییەکان، بەڵام کاری لە پێشینەی سەرەکیی حکوومەت لەسەر دۆخی ناوخۆیی سووریایە، وەک ئاوەدانکردنەوەی وڵات، گوتیشی "ئەگەر سعوودیە داوای هەر هاوکارییەکی سەربازی یان ئاڵوگۆڕی شارەزایی بکات، ئەوە تەنیا لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە و لە چوارچێوەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکاندا دەبێت."

راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سعوودیە داوای هاوکاریی فراوانی لە ئەمریکا، ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە بۆ بەرگریی لەم جەنگە نوێیەدا دژی حووسییەکان، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لە هێرشی بەردەوامی مووشەکی و درۆنی حووسییەکان بۆ سەر خاکەکەی هات، شەڕی زەمینی لەلایەن هێزە جۆراوجۆرەکانی حکوومەتی یەمەنەوە بەڕێوە دەچێت و هێزی ئاسمانیی سعوودیەش پشتگیریان دەکات، ئەم هێزانە لە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکەی دووشەممەی رابردووەوە پێشکەوتنی سنوورداریان بەدەست هێناوە.

سەردانی سەرۆککۆماری سووریا بۆ ریاز
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، رۆژی سێشەممەی رابردوو سەردانێکی بۆ ریاز ئەنجام دا و لەوێ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆبووەوە، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە میدیا فەرمییەکانی سووریا بڵاویان کردووەتەوە، دەریدەخەن لە کاتی گەیشتنیدا لە فڕۆکەخانە لەلایەن شازادە خالید بن سەلمانەوە - کە وەزیری بەرگریی سعوودیە و برای شازادەی جێنشینە و سەرپەرشتیی دۆسیەی یەمەن دەکات، پێشوازیی لێ کرایە.

لە ساڵانی رابردوودا هەندێک لە ئەندامانی کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشووی سووریا بەشدارییان لە ململانێ دەرەکییەکاندا کردووە، بەتایبەتی لە لیبیا و لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، بێ ئەوەی لێدوانێکی فەرمی لەلایەن سووریاوە لەسەر ئەو راپۆرتانە هەبێت. ئەو هێزانەی کە پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون، ئێستا لەناو دامەزراوە نوێیەکانی دەوڵەتدا یەک دەخرێن و بە گوتەی بەرپرسانی سووری، سەرنجی ئێستایان لەسەر دوورکەوتنەوە لە جەمسەرگیریی ناوچەیی و تیشکخستنە سەر بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دوای چەندین ساڵ لە ململانێیە.

دەسەڵاتدارانی سووریا بەردەوامن لە رێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارە جۆراوجۆرەکانی پێشوو بخەنە ناو سوپایەکی یەکگرتووەوە، هاوکات هەوڵی پتەوکردنی ئاشتیی مەدەنی و پاراستنی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و فرەچەشنیی تائیفی دەدەن.

ئاستەنگ و لێکدانەوە سیاسییەکان
بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، هەر پێکدادانێکی سەربازی لە نێوان هێزەکانی سووریا و حووسییەکاندا، دەکرێت بە شەڕی تایفەگەری لێکبدرێتەوە، کە سەرکردایەتیی سووریا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی زۆر حەزیان لە دوورکەوتنەوەی ئەم بابەتە بووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دیمەشق لە رابردوودا پێی باش بووە وەڵامی پێشنیاری بەشداریی لە ململانێ ناوچەییەکان نەداتەوە، وەک رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵڵا لە لوبنان.

جگە لەوەش، بەشداریکردن لە جەنگی دژی حووسییەکان دەتوانرێت وەک هەڵوێستێکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە ئەکتەرە ناوچەییەکانی وەک ئێران و هاوپەیمانەکانی لێک بدرێتەوە، کە ئەمەش پێچەوانەی رێبازی ئێستای دیمەشقە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی رابردوو. لە بەرامبەردا، سەرکردایەتیی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی گرنگی ریاز لە گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی، حەز دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە و شازادەی جێنشین بەهێزتر بکات، پاڵپشتییەکانی سعوودیەش بریتی بوون لە ئاسانکاری بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئاستی باڵا، لەوانەش رێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان شەرع و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئایاری 2015.

سووریا رەتی دەکاتەوە هێز بنێرێتە یەمەن

سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی، سووریا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە ناردنی هێزی سەربازی بۆ یەمەن دەکەن و جەختی کردەوە کە سیاسەتەکەی لەسەر بنەمای "سەقامگیری، ئاشتی و هاوکارییە، نەک لەسەر کردنەوەی بەرەی جەنگی نوێ".

 ئەحمەد مۆفەق زێدان، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، ئەو هەواڵانەی لەبارەی ناردنی هێزەکانی سووریا بۆ یەمەن بڵاو بوونەتەوە، بە "درۆ و بێ بنەما" وەسف کرد.

لەلای خۆیەوە، وەزارەتی راگەیاندنی سووریا دووپاتی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی دیمەشق لەم قۆناخەدا ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بەهێزکردنی دامەزراوەکانیەتی، ئەمە جگە لە هاوکاریکردنی هاوبەشەکان بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی سووری.

گرووپی ئەنساروڵڵای حووسییەکان ئەمرۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستیک هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەختی سعوودیە، ئەم راگەیاندنە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە سعوودیە رایگەیاندبوو لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا لە هێرشێکدا کە هەمان فڕۆکەخانەی کردبووە ئامانج، کەسێک کوژراوە.