AFP: دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ریاز بیسترا
پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ریاز بیستراوە. ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ چڕکردنەوەی هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر سعوودیە و بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە.
سعوودیە پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەو پەلامارانەی حووسییەکان کە سێشەممە و چوارشەممەی رابردوو فڕۆکەخانەی ئەبها و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالیدیان کردە ئامانج، 3 کەس کوژراون و 36 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەر ئەمڕۆ یەحیا سەریع رایگەیاند، هێزەکانیاندرۆنێکی سعوودیەیان لە ئاسمانی پارێزگای تائیز خستووەتە خوارەوە. ئەو گوتەبێژە لە راگەیەندراوێکی دیکەدا ئاشکرایکرد، هێزەکانیان بە مووشەکی بالیستی کۆمەڵگەی سەربازیی سعوودیەیان لە کەمپی قەعووە لە ناوچەی رەئس عارە پێکاوه.
پێکدادانەکانی نێوان حووسییەکان و هێزەکانی سەر بە سعوودیە لە یەمەن توندتر بوونەتەوە. کاریگەریی ئەم ململانێیانە بەتایبەتی لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە و ناوچەکانی نزیک گەرووی بابومەندەب زیاتر دەرکەوتووە.
سعوودیە لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستییان کە بەرەو باکووری ریاز ئاراستە کرابوو، تێکشکاندووە. هاوکات بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی یەمەن، فڕۆکەخانەی عەدەنیش رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە.