سەربازێکی بەریتانیا بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرا

ژمارەیەک ئەندامی هێزی دەریایی بەریتانیا
ژمارەیەک ئەندامی هێزی دەریایی بەریتانیا

بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و دزەپێکردنی زانیاریی هەستیار بۆ وڵاتێکی بیانی، پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەریتانیا سەربازێکی هێزی دەریایی دەستگیر کرد و رەوانەی دادگای کرد.

دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەریتانیا سەربازێکی هێزی دەریایی وڵاتەکەی دەستگیر کرد. تۆمەتبارەکە ناوی "تێدی یەنگە" و تەمەنی 24 ساڵە، رۆژی سێشەممە، 06ــی تشرینی یەکەمی 2026، لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی بێدفۆردشایر دەستگیر کرا و دواتر بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی لەندەن کرا.

تۆمەتەکانی سەر تێدی یەنگ بریتین لەوەی لە نێوان مانگی تشرینی دووەمی 2024 بۆ ئایاری 2025، ئامادەکاریی کردووە بۆ دزەپێکردنی زانیارییە پارێزراوەکان. هەروەها لە هەمان ئەو ماوەیەدا زانیارییە نهێنییەکانی بەدەستهێناوە و لەبەری گرتوونەتەوە بۆ ئەوەی بیداتە وڵاتێکی بیانی.

 پۆلیس دەڵێت، ئەم کارە پێشێلکردنی یاسای ئاسایشی نیشتمانیی ساڵی 2023ـیە و زیانێکی گەورە بە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا دەگەیەنێت. هاوکات پۆلیس روونیشی کردەوە، ئەم رووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە لێکۆڵینەوەکانی بنکەی ئاسمانیی فایرفۆردەوە نییە.

هێلین فلاناگان، بەرپرسی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە لەندەن گوتی، "ئەم تۆمەتانە زۆر مەترسیدارن بۆ سەر ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانمان. ئێمە زۆر بە وردی لەگەڵ هاوپیشەکانمان لە وەزارەتی بەرگری کارمان کردووە، بۆ ئەوەی رێوشوێنی گونجاو بگرینەبەر و مەترسییەکانی پەیوەست بەم بابەتە کەم بکەینەوە."

ئەو بەرپرسەی پۆلیس داواشی لە خەڵک کرد، خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ بەدوور بگرن بۆ ئەوەی رێگری لە کاری دادگا نەکرێت و پرۆسەی دادپەروەری بە دروستی بەڕێوەبچێت. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە تێدی یەنگ ببرێتە بەردەم دادگای وێستمینستەر بۆ ئەوەی دۆسیەکەی یەکلایی بکرێتەوە.

پەرلەمانی بەریتانیا لە ساڵی 2023 یاسایەکی نوێی بۆ ئاسایشی نیشتمانی دەرکرد، ئامانج لێی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سیخوڕی و دەستوەردانی وڵاتانی بیانییە لە کاروباری ناوخۆی بەریتانیا. لەم دواییانەدا دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیا چاودێرییەکانیان چڕتر کردووەتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی چەندین هەوڵی دزەپێکردنی زانیاری لە نێو دامەزراوە هەستیارەکاندا ئاشکرا بوون. بەپێی ماددەی یەک و 18ـی یاسای ئاسایشی نیشتمانی، هەر کەسێک زانیاریی نهێنی و پارێزراو بە مەبەستی قازانجگەیاندن بە وڵاتێکی بیانی کۆبکاتەوە یان ئاشکرای بکات، رووبەڕووی سزایەکی قورس دەبێتەوە. 

لە دۆسیەی تێدی یەنگدا، هەرچەندە پۆلیس تاوەکو ئێستا ناوی ئەو وڵاتە بیانییەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەم رووداوە وای کردووە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا پێداچوونەوەیەکی خێرا بە سیستەمی پاراستنی زانیارییەکانیدا بکات.