ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی گۆڕینی بەهای دۆلار کۆدەبێتەوە
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەمەبەستی تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، دانیشتنێکی تایبەت رێکدەخات و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشت دەکات.
بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ گۆڕینی بەهای دینار، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە شەقامی عێراق و ناوەندە سیاسییەکاندا دروست کردووە. لەمبارەیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، گۆڕینی بەهای دۆلار ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو پەرلەماندا دروست کردووە، بۆیە ئەمڕۆ پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت لەبارەی ئەو بابەتە ئەنجام دەدات و هەریەک لە فالح ساری، وەزیری دارایی و نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشت دەکات.
کۆچەر گوتیشی، ئەندامانی پەرلەمان و بەتایبەت لێژنەی دارایی، پرسیاری ئەوە دەکەن چۆن حکوومەت بەبێ راوێژکردن و ئاگادارکردنەوەی پەرلەمان دەستکاری بەهای دۆلاری کردووە و بە شێوەیەکی تاکلایەنە بڕیاری لەسەر داوە، بێ ئەوەی لێکەوتەکانی بە وردی بخوێنێتەوە.
هاوکات ئیبتیسام هیلالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، پەرلەمان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەم بابەتە دەبێت و بە دڵنیاییەوە دژی ئەو بڕیارەیە. هیلالی روونیکردەوە، ئەو بڕیارە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کەلوپەلەکان و بژێویی ژیانی خەڵک دەبێت و ئەم هەنگاوە کێشە داراییەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو قەیرانەکە قوڵتر دەکاتەوە و هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن.
ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەش نیگەرانیی خۆیان لە بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕی و جەختیان کردەوە کە ئەمڕۆ تێبینییەکانیان ئاراستەی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی دەکەن. لەم نێوەندەدا، بەشێک لە فراکسیۆنەکان داوایان لە حکوومەت کردووە لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە.
لە بەرامبەردا، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بە کوردستان24ـی گوت، بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار هەنگاوێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی. راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران دڵنیایی دا کە حکوومەت رێگە نادات بارگرانیی زیاتر لەسەر هاووڵاتییان دروست ببێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رابردووی خۆیدا بڕیاریدا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 150 هەزار دینار دیاری بکات، هاوکات نرخی فرۆشتنی دۆلار بۆ بانکەکان بە 151 هەزار دینار و بۆ هاووڵاتییانیش بە 152 هەزار دینار دیاریکراوە. ئەم بڕیارە کاردانەوەی زۆری لە بازاڕەکان و بۆرسە و ناوەندەکانی بڕیاردانی عێراقدا لێکەوتووەتەوە.