نەتەوە یەکگرتووەکان: زۆربەی قوربانیانی مین و تەقەمەنی لە ئەفغانستان منداڵانن

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا منداڵان 78%ـی قوربانییانی رووداوەکانی مین و پاشماوە تەقەمەنییەکانی جەنگ لە ئەفغانستان پێکدەهێنن. ئەم دۆخە نیشانەی بەردەوامیی ئەو مەترسییانەیە کە هەڕەشە لە دانیشتووان دەکەن، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵان بەسەر کۆتاییهاتنی قۆناخە سەرەکییەکانی ململانێ چەکدارییەکان لەو وڵاتە.

ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی "ئوچا" رایگەیاند، مینە زەوینییەکان و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان هێشتا وەک هەڕەشەیەکی رۆژانە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەفغانستان ماونەتەوە. بەتایبەت منداڵان کە لە کاتی یاریکردن یان هاتوچۆکردن لەو ناوچانەی بە پاشماوەکانی جەنگ پیس بوون، رووبەڕووی مەترسیی برینداربوون یان گیانلەدەستدان دەبنەوە.

چوارشەممە، ئۆفیسەکە لە سەکۆی "ئێکس" ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە پرۆسەی لەناوبردنی تەقەمەنییەکی نەتەقیوی لە ویلایەتی قەندەهاری باشووری ئەفغانستان بە ئامادەبوونی ئۆلگا شەریفکۆ، نوێنەری رێکخراوەکە لە وڵاتەکەدا بەڵگە کردووە. ئۆفیسەکە جەختیکردەوە، پاککردنەوەی ئەم پاشماوانە پێویستییەکی زەروورە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان، ئەوەش لە سایەی بوونی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی کە بەهۆی دەیان ساڵ ململانێوە بەجێماون.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییدا لە بوونی کەلێنێکی گەورەی دارایی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مین و پاشماوە تەقەمەنییەکان لە ئەفغانستان. ئۆفیسی "ئوچا" روونیکردەوە، تەنیا 4.3 ملیۆن دۆلار لە کۆی 14.5 ملیۆن دۆلاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی چالاکییەکانی فریاگوزاری دابینکراوە، ئەمەش واتە ئەو پارەیەی بەردەستە لە 30%ـی پێداویستییەکان تێپەڕ ناکات.

کەلێنی داراییەکە دەگاتە نزیکەی 10.2 ملیۆن دۆلار، ئەمەش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر هەوڵەکانی پاککردنەوەی مین، هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانیان و پاراستنی دانیشتووانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان. ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی زیاتر لە چوار دەیەی جەنگ و ململانێکانەوە، بە میراتێکی درێژخایەنی مین و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان دەناڵێنێت. لەو ماوەیەدا لایەنە چەکدارە جیاوازەکان لە رووبەرێکی فراوانی وڵاتەکەدا مینیان چاندووە و تەقەمەنیی نەتەقیوش لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا، تەنانەت لە ناوچە نیشتەجێبووەکانیشدا بڵاوبوونەتەوە.

رێکخراوی "سەیڤ دە چێڵدرێن" لە راپۆرتێکی جیادا ئاشکرایکرد، لە ماوەی نێوان کانوونی دووەمی 2025 تا کانوونی دووەمی 2026، لانیکەم 338 منداڵ بەهۆی تەقەمەنییە نەتەقیوەکان، لەوانەش مینە زەوینییەکان و پاشماوەکانی دیکەی جەنگ کوژراون یان بریندار بوون. ئەم ژمارەیە قەبارەی ئەو مەترسییە بەردەوامە بۆ سەر منداڵان نیشان دەدات، تەنانەت لەو ناوچانەشدا کە ئیتر پێکدادانی سەربازیی راستەوخۆیان بەخۆوە نەبینیوە.

مەترسیی ئەم پاشماوانە بەهۆی سەختیی ناسینەوەیانەوە زیاتر دەبێت، بەتایبەت بۆ منداڵان کە لەوانەیە بەبێ زانینی سروشتەکەیان لێیان نزیک ببنەوە. ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیدەکەنەوە، کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە واتای کۆتاییهاتنی مەترسییەکانی جەنگ نایەت، چونکە مین و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان وەک هەڕەشەیەکی درێژخایەن دەمێننەوە و پێویستیان بە تەرخانکردنی بودجەی بەردەوام هەیە بۆ پاککردنەوەیان و سنووردارکردنی ژمارەی قوربانییان.