سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: رەنگە سبەی مووچە دابەش بکرێت

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی گوت: ئەگەر ئەمڕۆ پارە بگات، سبەینێ دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکات و ئەگەر دواکەوێت، دەکەوێتە رۆژی شەممە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تیمی هەژماری من بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگات و لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە وەربگیرێت، ئەوا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول لە سبەینێوە دەست پێ دەکات.

سەرچاوەکە روونیکردەوە، ئەگەر گەیشتنی پارەکە دوابکەوێت، دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە رۆژی شەممە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دواکەوتنی گەیشتنی پارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کاتی دەوامی فەرمیی بانکەکان کۆتایی بێت و نەتوانرێت رێکارەکانی خستنەسەری پارەکە بۆ سەر هەژماری بانکیی مووچەخۆران جێبەجێ بکرێن.

هاوکات، ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە 120 ملیار دینار کەمتر لە پشکی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئەو بڕە پارەیە دابین دەکات.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.