تورکیا و سعوودییە لە بواری سەربازیدا هەماهەنگی دەکەن
تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ سعوودییە لە چوارچێوەی رێککەوتنی بەرگریی مەککە و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش ئاشکرای دەکات، هەنگاوی گرنگ بۆ بەدامەزراوەییکردنی رێککەوتنەکە نراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا وردەکاریی کۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگریی تایبەت بە رێککەوتنی بەرگریی مەککەی خستەڕوو. ئەم کۆبوونەوەیە، رۆژی دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی ئەم مانگە لە شاری ریاز بەڕێوەچوو.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکە و رێکارەکانی بەرگریی بەکۆمەڵ کراوە. هاوکات پێکهاتەی سەرەتایی دەستەی سکرتارییەت و چوارچێوەی هاوکاری لە بواری پیشەسازیی بەرگری دیاریکراون و بەمەش هەنگاوی گرنگ بۆ بەدامەزراوەییکردنی رێککەوتنی مەککە نراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لایەنەکان لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگی لە بوارەکانی سیاسی و ئیداری و سەربازی و پیشەسازیی بەرگری رێککەوتوون. ئەم هەماهەنگییە بەپێی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و لە چوارچێوەی یاسا و رێکارە نیشتمانییەکانی وڵاتانی بەشدار بەڕێوەدەچێت.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای کرد، تەواوی رێکارە پێویستەکان بۆ دابینکردن و بڵاوەپێکردنی ئەو هێز و توانا سەربازییانە لە خاکی سعوودییە تاوتوێ کراون پێشتر لەسەریان رێککەوتن کراوە. جەختی لەوەش کردەوە، پرۆسەی دابینکردنی هێز و توانا سەربازییەکان لەلایەن ئەنقەرەوە بەپێی بنەماکانی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت.
لە مانگی ئابی ساڵی 2026، هەرسێ وڵاتی تورکیا، سعوودییە و پاکستان رێککەوتنێکی سێقۆڵییان بە ناوی "رێککەوتنی بەرگریی مەککە" واژۆ کرد. ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای بەرگریی هاوبەش و بەکۆمەڵ دامەزراوە و هاوشێوەی پەیماننامەی ناتۆ کار دەکات، بە جۆرێک هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لەم وڵاتانە وەک هێرش بۆ سەر هەر سێکیان هەژمار دەکرێت.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2026، بەهۆی هەڵکشانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ناوچە هەستیارەکان و ژێرخانی ئابووریی سعوودییە، نوێنەرانی ئەم سێ وڵاتە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لە شاری ریاز ئەنجام دا. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا بڕگەکانی رێککەوتنەکە بەپەلە بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، تورکیا و پاکستان بڕیاریان دا هێزی سەربازی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و تیمی شارەزایان رەوانەی خاکی سعوودییە بکەن بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە.