پەکەکە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە ناوخۆ و سنوورەکانی تورکیا راگەیاند

 پەکەکە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە ناوخۆ و سنوورەکانی تورکیا و تێکدانی چەندین تونێل و سەنگەری شەڕی راگەیاند، هاوکات هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە لە دواخستنی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی.

سەرکردایەتیی پەکەکە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 بە گوتنی "هێزی ئەوەم هەیە دۆخی پێکدادانەکان بۆ زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی بگوازمەوە" وەڵامی دەوڵەت باخچەلیی داوەتەوە و پرۆسەی ئاشتیش بەو وەڵامە دەستی پێکردووە.

راگەیەنراوەکە ئەوەی خستەڕوو، لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 چالاکییەکانیان راگرتووە و دواتریش لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا خەباتی چەکداری دژی تورکیا کۆتایی هاتووە. هەروەها لە مانگی تەممووزدا سەرکردایەتیی کەجەکە و 30 ئەندامیان چەکەکانیان سووتاندووە و گەریلاکانیش لە سنوورەکانی تورکیا کشانەوە بۆ دەستپێکردنی خەباتی سیاسی.

پەکەکە ئاماژەی بەوە دا، دوو ساڵە لە تورکیا هیچ پێکدادانێکی چەکداری نییە و خوێنی هیچ گەنجێکی کورد یان تورک نەڕژاوە، ئەمەش بەهای پرۆسەکە نیشان دەدات. سەبارەت بە هەنگاوەکانی تورکیاش گوتی، لە پەرلەمان کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەری پرسی کورد پێکهات و راپۆرتێکیان ئامادە کرد، بەڵام ئیرادەی سیاسیی دەسەڵاتداران هیچ هەنگاوێکی کردارییان بۆ چارەسەری نەناوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، یاسای چوارچێوە وەک ئەوەی ئۆجەلان دەیویست دەرنەچوو و سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەی پەراوێز خستووە، لە هەمان کاتدا گۆشەگیریی سەر ئۆجەلانیش بەردەوامە.

سەرەڕای ئەمانەش پەکەکە رایگەیاند، بۆ ئەوەی پارتی دەسەڵاتدار هیچ بیانوویەکی نەمێنێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر تەواوی ئەو هێزانەیان کێشایەوە کە مەترسیی پێکدادان لە ناوخۆی تورکیا دروست دەکەن، هاوکات چوار تونێلی شەڕ و سەنگەرەکانی چیای "مەتینا"ـشیان لە رۆژئاوای زاپ تێکداوە. ئێستا دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت باسی هیچ هەڕەشەیەکی چەکداری بکات.

لە کۆتاییدا پەکەکە هۆشداری دا و گوتی، ئەگەر تورکیا بیەوێت کێشەیەکی 100 ساڵە چارەسەر بکات، دەبێت بێ دواکەوتن هەنگاو بنێت، بەڵام ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار بیەوێت پرۆسەکە درێژ بکاتەوە بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان، ئەوە دەبێتە گەورەترین هەڵەی مێژووی تورکیا.