مووچەی مانگی ئەیلوول خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئئەیلوول خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە، لە کاتێکدا بەغدا بڕێک پارەی لە تەمویلەکە بڕیوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار  وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

 لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئەیلوول لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە. 

هەروەها بڕی 4 ملیار و 961 ملیۆن دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە.