ئەحمەد سەفار : حکوومەتی عێراق لەسەر بژێویی هاووڵاتییان کورتهێنانی دارایی پڕ دەکاتەوە
شارەزایەکی ئابووری بە کوردستان24ی راگەیاند، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاردا چارەسەرێکی ئاسان و رووپۆشکەرانە بوو کە حکوومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پەنای بۆ برد، جەختیش دەکاتەوە خاوەن داهاتە دیاریکراوەکان و فەرمانبەران بوونە قوربانیی سەرەکیی ئەم بڕیارە.
پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، دکتۆر ئەحمەد سەفار، شارەزای ئابووری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 راگەیاند، بڕیاری دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کە لەلایەن بانکی ناوەندی و وەزارەتی داراییەوە درا، بۆ شەقامی عێراقی جێی سەرسوڕمان بوو، چونکە بەرپرسانی بانکی ناوەندی بەردەوام دڵنیاییان دەدا کە هیچ پلانێک بۆ گۆڕینی نرخەکە نییە، لە کاتێکدا لە رەشنووسی یاسای بودجەدا لە مێژبوو ئامادە کرابوو. ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی خاوەن ئابووریی بەهێز راستگۆیی و روونی رەچاو دەکەن تاوەکو بازاڕ و وەبەرهێنەران خۆیان بۆ زەرەر و زیانەکان ئامادە بکەن.
ئەو شارەزایەی ئابووری روونیشی کردەوە، تەنگژە و ئاڵۆزییە دەرەکییەکان بڕشتی لە ئابووریی عێراق بڕیوە کە بە رێژەی زیاتر لە 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. هەروەها گوتی، نەبوونی توانای حکوومەت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران وای کرد پەنا بباتە بەر قەرزی ناوخۆیی بە بڕی چوار ترلیۆن دیناری مانگانە، ئەمەش زیانی گەورەی بە یەدەگی کاشی بانکی ناوەندی گەیاند.
د. ئەحمەد سەفار ئەوەشی خستە روو، حکوومەت دوو رێگەی لەبەردەمدا هەبوو؛ یان کەمکردنەوە و دواخستنی مووچە کە لە ترسی خۆپێشاندان و فشاری جەماوەری رەتی کردەوە، یان پەنابردن بۆ رێگە ئاسانەکە کە دابەزاندنی بەهای دینار بوو بۆ دابینکردنی نزیکەی 20 ترلیۆن دینار و پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەبێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بۆ چاکسازیی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بدات.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بڕیارەکە لەسەر بژێویی ژیان، ئەحمەد سەفار لە رێگەی کوردستان24ەوە هۆشداری دا لە دابەزینی هێزی کڕین و بەرزبوونی رێژەی هەڵئاوسان و گوتی: داهاتی راستەقینەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە رێژەی 40% دابەزیوە، بە جۆرێک مووچەی ملیۆنێک دینار بەهای راستەقینەی بووەتە 600 هەزار دینار، هەروەها سەبەتەی خۆراکی خێزانەکان لە 10 کەرستەوە بۆ 6 کەرستە کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا دەوڵەمەندەکان و بازرگانان زیانیان بەرنەکەوتووە.
دکتۆر ئەحمەد سەفار جەختیشی کردەوە، هێشتنەوەی نرخی کۆنی ئاڵوگۆڕی دراو دەبووە هۆی کورتهێنانی زیاتر لە 60 تریلیۆن دینار لە بودجەدا، بەڵام چارەسەرەکە لەسەر حسابی بژێویی هاووڵاتییان بوو. باسی لەوەش کرد کە ئابووریی عێراق بە نادیاری و ناڕێکخراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی بەستراوەتەوە بە سیستەمێکی سیاسیی گەندەڵ، کە بەشی شێرەکەی داهاتی نەوت بۆ حزبەکان دەچێت و گەل تەنیا خەرجییە جێگیرە سنووردارەکەی بۆ دەمێنێتەوە.